کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگه‌یه‌ندراوی یه‌کيه‌تی پیشه‌یی مامۆستايانی کوردستانی ئێران به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی دایکی

15:24 - 29 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: یه‌کيه‌تیی پیشه‌یی مامۆستايانی کوردستانی ئێران، به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی دایکی ڕاگەیەندراوێکی ڕوو لە مامۆستایان و قوتابیانی کوردستان بڵاو کردەوە و تێیدا داوایان لە کۆمەڵگەی کوردستان کردووە وەک ئەرکی ئینسانی و نیشتمانی پشتیوانی لە مامۆستایانی ده‌روه‌ست و مافویست بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی مافخواز و قوتابیانی خۆشەویستی کوردستان!


یونسکۆ، بەشی کولتوور و پەروەردەی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی بەرگری لە رەوتی توانەوەی زمانی نەتەوەكان و رەواندنەوەی ترس و هەڕەشەی نژاد پەرەستانە، رۆژی ٢١ی فێوریەی وەک رۆژی داکۆکی لە زمانی دایکی لە سەرانسەری جیهان تۆمار کرد. بەم بۆنەوە یونسکۆ هەموو دەوڵەتانی ئەندام رادەسپێرێ کە یادی رۆژی زمانی دایکی بەرز رابگرن و رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر تا هەموو منداڵان لە مافی خوێندنی یەکسان بەهرە وەربگرن. هه‌رچه‌ند رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەندامی ئەم رێكخراوەیە و هەموو بڕیارنامەکانی واژۆکردووە و بە رواڵەت خۆی پابەند بە خاڵەکانی نیشان دەدا، بەڵام له‌ کردەوەدا هیچ كام له‌ به‌ند و خاڵه‌كانی رێكخراوه‌ی یونسكۆی ئیجرا نه‌كردووه‌.

مامۆستایانی خۆڕاگر!

گرینگی خوێندن بە زمانی دایکی لە یەکەم ساڵەکانی چوون بۆ قوتابخانە دەست پێدەکا و وردە وردە پێوەی گەورە دەبێ تا زانیارییەکانی پەرە دەستێنێ. مرۆڤ بە زمانەوە دێتە دنیا و لە بازنەی زمانی خۆیدا دەژی. هەر بەو زمانەشەوە خەم و کوڵەکان و شادییەکانی دەدرکێنێ. هەروەها زمانی هەر گەل و نەتەوەیەک پێناسە و شوناس و بوونی ئەوان لە گۆی زەویدا دەسەلمێنێ. زمان ئەو زاتەیە كە زۆر نەتەوەی دنیا بە رۆحی نەتەوەی خۆیانی دادەنێن. زمان ئەو كارەكتەرەیە لە نێو هەر نەتەوەیەكدا كە بە گژ هەرجۆرە چەوسانەوە و ئینكار و سووك كردنێكدا دەوەستێتەوە و هەوڵی رەواندنەوەیان دەدات. دژایەتی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ زمانى نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ و به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، هەر لەمەوە سەرچاوە دەگرێ. هه‌روه‌ها زمان وەك گرنگترین ئامرازی گواستنەوەی رەمزی و گرنگترین هۆکاری درووستكەری پێوەندی لە نێوان نەوەكانی نەتەوەیەك، رۆڵی بنیاتنەر لە بنیاتنان و بەخشینی هەستی باوەڕبەخۆبوونی مێژوویی بە تاكەكانی هەر نەتەوەیەك دەبەخشێ و بەمەش درووستبوونی نەتەوە، هەرچی زیاتر سانا دەكا. لە بەر ئەوەشە کە لە زۆر بارەوە بە رۆحی نەتەوە ناودێر كراوە؛ کەوابوو نابێ لە بیرمان بچێ کە هەرچی گرنگی بە زمان و هێزی زمانی خۆمان بدەین، ئەوەندەش ئاسۆی سەركەوتنمان بۆ دەستەبەربوونی مافە رەواکانمان نزیك دەبێتەوە.

قوتابیانی ئازیز! بنەماڵە بەڕێزەکان!

زمانی كوردی وەك زمانی دایكی ئێمەی كورد، یەكێكە لەو زمانانەی كە بە درێژایی مێژوو لەلایەن داگیركەرە جۆراوجۆرەكانەوە هەوڵی وشک كردن و لاواز كردنی دراوە. ئەوان کە گیرۆدەی نەخۆشی راسیسم و رەگەزپەرەستی هاتوون و خەونی گوولی بە داهاتووی گەلەکەمانەوە دەبینن، زۆر باش دەزانن کە پەنجە لەسەر چی دابنێن و لە كام رەهەندەوە زامدارمان بکەن. داگیرکەران هەستیان بەوە کردووە کە زمانی كوردی ئامرازی گرینگی درووست كردنی هەستی هاوپێوەندی کۆمەڵگەی کوردەوارییە و وەک رۆحی هاوبەشی مێژوویی لە نێوانیاندا دەمێنێتەوە.

ئەوان دەزانن كە بەهێزبوونی زمان بە مانای بەهێزبوونی توانای داهێنان و پەروەردەكردنی كەسایەتییە و ئەمەش واتە خۆبەدەستەوە نەدان و سووربوون لە سەر داوای رەوای گەلی خۆمان.

مامۆستایانی سه‌نگه‌ری زانست و فیربوون!

ئەمساڵ لە حاڵێکدا بەرەوپیری رۆژی جیهانی زمانی دایکی دەچین کە گه‌لانی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر و روونتر، رووی دزێوی دەسەڵاتی ره‌شی كۆماری ئیسلامییان بۆ دەرکەوتووە. گه‌لانی ئێران له‌ به‌فرانباری ئه‌مساڵ به‌دژ ته‌واوییه‌تی كۆماری ئیسلامی چوون و به‌ دروشمی رووخانی ئه‌و سیسته‌مه‌ گه‌نده‌ڵه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك كۆڵه‌كه‌كانی له‌رزۆكی ئه‌و رێژیمه‌یان وه‌له‌رزه‌ خست. له‌ پارێزگاكانی كوردستانی ئێران هه‌ر له‌ ئیلامەوە تا ورمێ، خه‌ڵكی كورد به‌ دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی رژانه‌ سه‌ر شه‌قام. هه‌روه‌ها لەم ساڵدا خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، به‌ هاوخەمی کردن و به‌ هانا چوون و یارمه‌تی كردنی قوربانیانی زەوی لەرزەی کرماشان و بە رژانە سەر شەقام بۆ پشتیوانی و هاودەنگی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان، لە لایەک بێزاری خۆیان لە نیزامی نگریسی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی دەربڕی و لە لایەکی دیكه‌وه‌ سەلماندیان کە کوردستان یەک نیشتمانە و هەتا وەدیهاتنی ئامانجە رەواکانیان دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرن.

ئێمە وەک یەکیه‌تیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانى ئێران، هاوکات لە گەڵ ئەوەیکە پێداگری لەسەر ویست و داخوازایيەکانی مامۆستایان و قوتابیانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دەکەین و مافی خوێندن بە مەسەلەیەکی مرۆیی دەزانین کە دەبێ بۆ جێبەجێ کردنی بە دواداچوونی جیددی بۆ بکرێ. بۆ ئەم مەبەستەش لە تێکڕای کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت بنەماڵەی قوتابیان داواکارین کە بە گوێرەی دەرفەت، وەک ئەرکی ئینسانی و نیشتمانی پشتیوانی لە مامۆستایانی ده‌روه‌ست و مافویست بکەن.

مامۆستایانی دڵسۆز، قوتابیانی خۆشەویست!

بە باوەڕی ئێمە ئەرکی مامۆستایانی مافخواز و دڵسۆزی کوردە كه‌ له‌ به‌ره‌به‌ری رۆژی زمانی دایكی، ئه‌و مافه‌ بنه‌ڕه‌تیيانەی‌ مه‌نشووری جیهانی مافی مرۆڤ و ئەرکی دەوڵەتی ئێران له‌و پێناوه‌دا بۆ قوتابیان بەرجەستە بکەن و بۆیان روون كه‌نه‌وه‌ و پێداگری لە بەڕێوەچوونی ئەو مافه‌گرینگانه‌ بکەن. هەروەها چاوەڕوانی دەکه‌ین کە مامۆستایانی زانستی زمانه‌وانی و کۆمه‌ڵناسی، پێویستی خوێندن و نووسین به‌ زمانی دایکی بۆ قوتابیان شرۆڤە بکه‌ن و لەم رێگایەوە ئەم پرسە بۆ بنەماڵەکان بگوازنەوە. پێویستە بنەماڵە و مامۆستایان هاوکاری قوتابیان بکەن تا ئەوانیش جل و به‌رگی کوردی بپۆشن و بە پێشکه‌ش کردنی په‌خشانه‌ شێعر و نه‌مایش کردنی شانۆی پێوەندیدار، ئه‌و ڕۆژه‌ جیهانی و تایبەتییە پیرۆز راگرن. له‌ به‌ره‌به‌ری ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیدا و به‌ مه‌به‌ستی رێزگرتن لەم بۆنەیە، ئەرکی سەر شانی مامۆستایان و دڵسۆزانی گەلەکەمانە کە لە رێگەی سازدانی سمینار و کۆبوونەوەی پێوەندیدار، سه‌رنجی نه‌وه‌ی نوێ و سەردەم بۆ بایەخی زمانی دایکی رابکێشن. هەروەها دەکرێ له‌ قوتابخانه‌کاندا باس و بابه‌تی جۆراوجۆر بۆ قوتابییه‌کان بێتە ئاراوە و دەرفەتی ئاڵوگۆڕی بیرورایان بۆ بڕەخسێ.

خۆشەویستان!

رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە روانگەیەکی بەرتەسکی ئایینی- شۆڤێنیستییەوە لە مەسەلەی کورد دەڕوانێ. بەرپرسانی حکوومەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی تواندنەوەی کەلەپوور و وێژەی کورد دەده‌ن و لە دەرەوەی سنوورەکانیش هەوڵی لە گرێژەنە بردنی پرسەکانی گەلی کورد دەدەن. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئیستا لە هەموو کات زیاتر هەست بە زەبوونی دەکەن و بە روونی بۆیان دەرکەوتووە کە چیتر گەلانی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە خەڵکی کوردستان حەز بە مانەوە و دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەیان ناکەن. هاتنە سەرشەقامی خەڵکی ناڕازی ئێران، لەلایەک تەختی ستەمی ئاخوندەکانی هێناوەتە لەرزە و لەلایەکی دیکەوە مژدە بەخشی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانە کە بە زوویی شاهیدی شایی ئازادی و سەربەستی دەبن. بە دڵنیاییەوە تا مامۆستایانی شۆڕشگێڕ و رۆڵە دەروەستەکانی کوردستان لە مەیداندا دیار بن، ئاڵای تەقەلا بۆ بە رەسمی ناسینی زمانی كوردی هەروا سەربەرز و شەکاوە دەمێنێتەوە.

لە كۆتاییدا یه‌كیه‌تیی پیشه‌یی مامۆستایانی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایك، پیرۆزبایی لە هەموو ئاخێوەرانی زمانی كوردی، مامۆستایان، قوتابییان و توێژی فه‌رهه‌نگی دەكەین و سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو تێكۆشەرانە دادەنەوێنین، كە بە بێ هیچ چاوەڕوانییەك و لە سەختترین هەل و مەرجەكاندا، قۆڵی هیممەتیان لێ هەڵماڵیوە و خزمەتیان بە زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی كردووە و ده‌كه‌ن.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
٢٨ی رێبەندانی ١٣٩٦ هەتاوی