کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئێران و ئیسرائیل

15:47 - 29 رێبەندان 2717

نەوید کەرەمی

ململانێکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتی ئیسرائیل، خەریکە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەوڕووی شەڕێکی یەکلاکەرەوە دەکات، کە یان بۆ هەمیشە کۆتایی بەو قەیرانە مرۆییانەی کە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئێرانەوە داوێنگیری وڵاتانی ناوچە بووە، دێنێت، یان چەخماخەی شەڕی سێهەمی جیهانی لێدەدات.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەمین رۆژەکانی هاتنەسەرکاریەوە، بڕیاری هەناردەکردنی شۆڕشی بۆ وڵاتانی دیکە داوە، لەو پێناوەشدا بە دەیان ڕێکخراو و ملیشیای لەژێر فەرماندەری سپای قودس (باڵی دەرەکی سپای پاسدارانی ئێران) دروست کردووە و ساڵانە چ لە بواری ئابووری و هەروەها چەک و چۆڵی سەربازییەوە تەیاریان دەکات.

شاری ئورشەلیم کە لە ڕووی مێژوویی و ئایینییەوە هەم بۆ موسوڵمانان و هەمیش بۆ یەهوودی و مەسیحییەکانی جیهان گرینگی تایبەتی هەیە، بەردەوام ناوەندی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنگرانی ئەو ئایینانە بووە.

ئورشەلیم یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهانە و هەم فلیستینییەکان و هەمیش ئیسرائیلییەکان ئەو شارە بە پێتەختی حوکمڕانی خۆیان دادەنێن، هەروەها ئەم شارە بۆ ئایینەکانی ئیبراهیمی، یەهودی، مەسیحیەت و ئیسلام پیرۆزی و گرینگی هەیە.

ڕێژیمی ئێران کە خۆی بە جەمسەری مەزهەبی شیعەکانی جیهان و نوێنەری هەموو موسوڵمانان دەزانێت، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکارییەوە گەڵاڵەی نزیک بوونەوە و دەست پێڕاگەیشتن بەو شارەی کێشاوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە: راە قدس از کربلا میگذرد و بەردەوام نەیشاردووەتەوە کە ئەو شارە شارێکی ئیسلامییە و دەبێ ئازاد بکرێت.

ئەم رستە ئەگەرچی تەنیا پێنج وشە لەخۆ دەگرێت، بەڵام دونیایەک پلان و بەرنامە و سیاسەتی شەڕئەنگێزانە و دوژمنکارانەی ئەو ڕێژیمەی لە پشت خۆیدا حەشار داوە، کە بووەتە هۆی تێکدانی ئارامی و تەناهی هەموو ئەو وڵاتانەی لە سەر ئەو هێڵەدا جێیان گرتووە، وەک وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن و فلستین و ... .

ئەو ئیستراتێژییەی ئێران پاش سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەرەبی و هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بەشێک لە خاکی سووریە و عێراق و لەو بارەوە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە وڵاتانێک وەک ئۆردۆن، میسر، یەمەن، لیبیا، سووریە و عێراق پێی نایە قۆناغێکی کردەییەوە و ئەو ڕێژیمە چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسی هەموو هەوڵی خۆی داوە تا کۆنترۆڵی ئەو وڵاتانە بخاتە دەستی خۆی و هێژمونی خۆی زاڵ بکات بەسەر هەموو ناوچەکەدا.

لە ڕاستای بەرەوپێش بردنی ئەو ئامانجە، ڕێژیمی ئێران لە وڵاتێک وەک یەمەن بە یارمەتیدان و تەیارکردنی کودەتاچییەکانی حوسی دژ بە دەوڵەتی یەمەن و لە سوریا و عێراق بەرگری کردن لە دەسەڵاتی بەغدا و دیمەشق و لە لوبنان یارمەتیدانی حیزبوڵا و حەماس، توانیویەتی دۆخی ناوچەکە لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی خۆی ئاڵۆزتر بکات و جێ پێی خۆی لەو وڵاتانەدا قایمتر بکات.

ئەگەرچی هەر لە یەکەم رۆژەکانی ساڵی نوێی زایینیەوە (ساڵی ٢٠١٨ی زایینی) ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵەکانی خۆی بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریە و کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتە خستووەتە گەڕ، بەڵام سەرەڕای هەوڵە جیهانییەکان دەبینین شەڕی سووریە رۆژ بە ڕۆژ بەرەو لوتکەیەکی پڕمەترسیدارتر دڕوات.

پاش کۆتایی هاتنی داعش لە سووریە و عێراق، هاوپەیمانیەتی دژ بە داعش بڕیاری دا بە چوونەدەرەوەی ئەو هێزە بیانیانەی کە بە مەبەستی شەڕ دژ بە داعش هاتبوونە عێراق و سووریە، بەڵام ئێران بە هیچ شێوەیەک نایهەویت ملکەچی ئەو بڕیارە بێت و بە دامەزرانی دەستە و ڕێکخراوگەلێک وەک حەشدی شەعبی لە عێراق و هێزەکانی پاریزەری حەرەمەین و ... لە سووریە، دەیهەوێ بۆ هەمیشە لەو وڵاتانەدا بمێنێتەوە، کە ئەوە ناکۆکیەکی زۆری دروست کردووە و بە کردەوە خەریکە هەموو هەوڵەکانی ئاشتی تێک دەدات و دووبارە کەش و هەوایەکی شەڕانی بەسەر ئەو ناوچەیە دەکێشێت.

وڵاتانی ئامریکا، فەرانسا، ئاڵمان، ئیسرائیل و بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوایان لە ئێران کردووە تا هەمووهێزەکانی خۆی کە بە مەبەستی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکانی بەشار ئەسەد لە سووریە و حەیدەر عیبادی لە بەغدا، لە کاتی هێرشی داعش هێنابوویە ئەو دوو وڵاتە، بکشێنێتەوە و بباتە دەرەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێران رۆژ بە رۆژ خەریکە هێزی زیاتر لەو شوێنانە دادەمەزرێنێت و تەیارتر دەکات.

لەو ڕۆژانەدا کە جیهان چاوەڕوانی ئەوە بوو کە سووریە بەرەو کۆتایی شەڕ و قۆناغی ئاشتی هەنگاو بنێت، شاهیدی هێرشەکانی سپای تورکیە و ئەرتەشی بەشار ئەسەد بۆ سەر عەفرین و ناوچە کوردنشینەکان و هەروەها تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەو وڵاتەین.

دۆخی سووریە بەهۆی زێدەخوازی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران تا دێت ئاڵۆزتر و ناسەقامگیرتر دەبێت.

بێدەنگی سووریە و رووسیە لەهەمبەر هێرشی سپای تورکیە بۆ سەر شارەکانی کوردستانی رۆژئاوا، ئەو دیوی ڕێککەوتنی نێوان تورکیە، ئێران و عێراق لە شەڕی کەرکوک و هێرشی حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ئەو ناوچە کوردنشینانەی باشووری کوردستان دەردەخات، بەو واتایە کە نەوتی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە گەڕانەوەیان بۆ سەر حکومەتی ناوەندیی عەراق بووەتە پشکی ئێران و لە بەرانبەردا بریار وایە کە نەوتی ناوچەکانی کوردستانی سووریە ببێتە پشکی تورکیە، بەو شێوەیە چ لە باشوور و چ رۆژئاوا جووڵانەوەی کوردیان سزا داوە و سەرکوتیان کردووە وهەمیش پشکی خۆیان لە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانە وەرگرتووە.

کۆنترۆڵ کردن و تێکدانی هەرجۆرە دەسەڵاتێکی کوردی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، جگە لەوەی بەشێکە لە سیاسەتی لە مێژینەی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە کورد بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێت، لە لایەکی دیکەدا کۆنترۆڵی سەربازی ئەو شوینانەیە کە پێی دەڵێن ڕێگای وشکانی قودس (لە ئێرانەوە تا لوبنان)، کە ڕاست سێ بەشی کوردستان، واتە رۆژهەڵات، باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە.

گرینگایەتی ئەو شارە بۆ لایەنگرانی ئیسلام لەو بارەوەیە کە ئورشەلیم یەکەمین قیبلەی موسوڵمانان پێش لە مەککە بووە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پلانی خۆی، واتە کۆنترۆڵ کردنی ئورشەلیم و دەستنیشان کردنی وەک پێتەختی لوبنان، پێویستیەتی تا هەموو ئەو شوێنانە لە کۆنترۆڵی سەربازی خۆیدا بن، بۆ ئەوەی بە ڕاحەتی بتوانێ لەو ناوچانە تەڕاتێن و هاتووچۆ بکات.

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، رۆژنامەی جرۆزاڵم پۆستی ئیسرائیل هەواڵی گەشتێکی نهێنی ئیبراهیم ڕەییسی، ئەندامی مەجلیسی خوبرەگانی ئێران و بەربژێری یەکەم بۆ جێگرەوەی خامنەیی لە نێوان سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیلی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند لەو گەشتەدا ئیبراهیم ڕەییسی لە حزووری فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵادا وتوویەتی کە بەم زووانە ئورشەلیم ئازاد دەکەین.

کەسایەتی سەربازی و چاوەدێرانی سیاسی ئیسرائیلی پێیان وایە کە ئەو سەردانەی رەییسی بۆ سنوورەکانی ئورشەلیم بە واتای گەیاندنی سێ پەیام بووە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، ١- سنووری وڵاتان بۆ هاتووچۆی ئێران لەمپەڕنین و ئێران لە وڵاتانی عێراق، سووریە و لوبنان هێزی سەرەکییە، ٢- دەوڵەتەکانی عێراق، سووریە و لوبنان هیچ جورە کۆنترۆڵێکیان بەسەر سنوورەکانی خۆیاندا نییە و بەرپرسانی ئێرانی و هەروەها تیرۆریستەکان هەر کات کە بیانهەوێ دەتوانن لە سنووری ئەو وڵاتانەدا هاتووچۆ بکەن، ٣- تێکهەڵچوون و شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بڕیارێک نییە کە لە بەیروت بدرێت، بەڵکوو بڕیاری لە تارانەوە دەردەچێت.

بە کورتی ئەو سەردانەی رەییسی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەڕەشەکانی تێل‌ئاویڤ ناتوانێت پێش بە ئێران لە جێبەجێ کردنی ئامانجەکانی بگرێت و ئێران سوورە لەسەر یارمەتیدان و پاڵپشتی کردنی حیزبوڵا و بەهێزکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە وەک باڵی سەربازی سپای قودس لە دەرەوەی ئێران چاوی لێ دەکرێت.

پاش ئەو سەردانەی ڕەییسی، ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران کە بە مەبەستی سیخوڕی لە خاکی سووریەوە سنووری ئیسرائیلی بەزاندبوو، بە خێرایی لە لایەن پەدافەندی بەرگری ئەو وڵاتەوە کرایە ئامانج و لە بەرانبەر ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێراندا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەندین بنکەی سەربازی ئێرانیان لە سووریە بوردمان کرد، هەروەها بنیامین نێتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری بەردەوامی ئێران لەو جۆرە کارانەی، هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئێران و سووریە.

ئەوەیکە ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز واز لە دەستێوەردانەکانی خۆی لەو ناوچانە و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، سووریە و یەمەن و لوبنان نایەنێت و رۆژ بە ڕۆژ زیاتر درێژە بە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتانە دەدات کە ئاکامی ئەو سیاسەتە شەڕخوازانەی ئێران دەبێتە تێکهەڵچوونێکی راستەوخۆ و شەڕێکی قورس لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و وادیارە کە وڵاتی ئیسرائیل لە مێژە پێشبینی ڕوودانی ئەو شەڕەی کردووە و بە تەواوەتی خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە، هەروەها چەندین جار ئامریکاش ڕایگەیاندووە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هاوپەیمانی دێرینی خۆی دەکات و لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئێراندا بەجێی نایەڵێت.

لە ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوەدا، ئەگەر لە یەکەم رۆژەکاندا ئیسرائیل توانی شکستێکی قورس بە ئێران بێنێت، ئەوا دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئێران بە گشتی لەو وڵاتانە بکشێتەوە، بەو شێوەیە هەموو وڵاتانی ناوچەکە لە مەترسی ئێران رزگاریان دەبێت، ئەگینا بە پێچەوانەوە، بەهۆی ئەو سەفبەندییەی کە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا هاتووەتە ئاراوە، درێژەکێشانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەبێتە سەرەتای دەسپێکی شەڕی سێهەمی جیهانی و ... هتد.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.