کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی رێفراندۆم

21:39 - 30 رێبەندان 2717

کەریم پەرویزی

رۆژانی رابردوو، کات‌وساتی هەستیاری تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەردەخست. لەم رۆژانەدا و دوای راپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی سەرتاسەری ئێران، دوای سەرکوت و توندوتیژیی لەرادەبەدەر بەرامبەر بەو خەڵکە نارازییە، کاتی لێدوانی سەرانی رێژیم بوو کە دەری بخا ئایا لە سەرکوتکردنی خەڵکدا بە سەرکەوتنی دڵخوازی رێژیمە ستەمکارەکەیان گەیشتوون یان نا؟ هەرچەند خامنەیی و فەرماندەکانی سپا رایانگەیاند کە ئاژاوەکە تەواو بوو! بەڵام زۆری نەخایاند کە کێشەی قووڵتریان دەرکەوت و ئەحمەدی‌نژادی مۆرەی دەسکردی خامنەیی، بەبەرچاوی جیهانەوە دەسەڵاتی قەزایی و رێبەری رێژیمی بردە ژێرپرسیار و روحانیی مۆرەی ئەمنیەتیی دڵخوازی خامنەییش رایگەیاند کە دەبێ قسەی خەڵک ببیستن دەنا چارەنووسی شا لە سەرڕێگەی دەسەڵاتدار واتە خامنەییە و دواتریش لە کۆبوونەوەیەکدا باسی گشتپرسیی ورووژاند.

ئەم قسانەی سەرانی رێژیم گەر لە پەنای قسەکانی جەننەتیی شوورای نیگاباندا دادەنێی نیشان لەوە دەدات کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەستی بە ساتەوەختی مەرگی خۆی کردووە و بە دوای دەریچەی درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی رێژیمەوەن.

جیا لە روحانی کەسانی دیکەش بە چەند روانگەی جیاوازەوە باسی گشتپرسییان ورووژاندەوە کە ئێستا بۆتە باس لە نێو کۆڕ وکۆبوونەوە سیاسییەکان لە ئێران و دەرەوەی ئێراندا.

ئەو گشتپرسییەی کە روحانی باسی دەکات، لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیدایە و هەرچەند خودی ورووژاندنی باسی گشتپرسی نیشان لەوە دەدا کە سەرکۆماری رێژیمیش درکی بە چەقبەستوویی و چەقینی رێژیم لە زەلکاوی قەیرانە دەسکردەکانیدا کردووە، بەڵام ئەو گشتپرسییەی ئەو بۆ گوشاری سیاسی بۆ باند و گرووپەکانی دیکە و ئیمتیازوەرگرتن لێیان و دووبارە خۆڵ لەچاوی خەڵککردنە، چوونکە درۆبوونی هەموو وادە و بەڵێنەکانی سەلمێنراون.

گشتپرسییەک کە بەناوچاکسازیخوازان باسی دەکەن، بۆ گۆڕینی هەندێک خاڵ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییەو لەراستیدا لەژێر ناوی پاراستن و بەقای ئێراندا دەیانهەوێ رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە سیمایەکی فریوکارانەترەوە بمێنێتەوە.

گشتپرسییەکی دیکە جێگای لێوردبوونەوەی زۆرترە، هەندێک لە گرووپ و حیزب و چالاکانی سیاسیی دژی کۆماری ئیسلامی، باس لە رێفراندۆم بۆ دیاریکردنی جۆری رێژیم دەکەن کە بەمانایەک تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییە، بەڵام دەیانهەوێ بە داخوازییەکی بەرواڵەت ئەمڕۆیی و دێموکراتیک ئەم رێژیمە بگۆڕدرێ بۆ رێژیمێکی دیکە.

لەم بارەوە چەند شت جێگەی هەڵوەستەکردن و راوەستانی زۆرترە؛ ئەویش ئەوەیە کە گەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی، رێژیمی دژی گەلی و دیکتاتۆرە کە هەیە، ئەی کێ ئەو رێفراندۆمە بەڕێوە دەباکە دروشمی بۆ دەدرێ؟ خۆ پڕۆسەی بەڕێوەبردنی گشتپرسی پێویستی بە دەیان هەزار پێرسۆنێل و ماوەیەکی زەمەنی پڕوپاگەندەی لایەنەکان بۆ بیرو ڕای خۆیانو ... هەیە، ئەو دەسەڵاتە کە ئەو بەستێنە خاوێن و دێموکراتیکە ئامادە بکا بۆ گشتپرسییەکی وەها کە ئاکامەکەشی نەدزرێ و گزەی تێدا نەکا کامە دەسەڵاتە؟

پرسیاری گرنگی دیکە ئەوەیە کە، لەکاتی بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانا نیزامی و ئەمنیەتی و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانییەوە، کێ تەزمینی ئەمنیەتی دەنگدەران و هەروەها بانگەشەکارانیرێژیمێکی نوێدەکا؟

لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە، ئایا قەرار وایە کە مێژووی چەواشەکاری و بەتاڵانبردن و خۆڵ لەچاوکردن دووپات ببێتەوە؟ لە هەموو جیهاندا دوای هەر شۆڕشێک، لە سیستمی نوێدا کە جێی رێژیمی پێشوو دەگرێتەوە لە پێشدا یاسای بنەڕەتی و چوارچێوەی گشتیی چۆنیەتیی پێکەوە ژیانی خەڵک و گەلانی وڵات دەنووسرێ و ئەو یاسایە دەخرێتە دەنگدانی گشتییەوە نەک وەکوو کۆماری ئیسلامی لەپێشدا گشتپرسییەکی چەواشەکارانەیان کرد کە ئایا کۆماری ئیسلامیتان دەوێ یان نا؟ کەس نەیدەزانی کۆماری ئیسلامی چییە تا بیانهەوێ یان نا و کەسیش ئەو بژاردەیەی بۆ نەخرابووە بەردەست کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی نەوێ چیدی هەیە؟

ئێستاش ئایا قەرار وایە کە دوای نزیک بە چل ساڵ لە تەمەنی نگریسی رێژیمی سەرکوتکەر و دڕندەی کۆماری ئیسلامی دووبارە هەمان فێڵبازی پێڕەو بکرێتەوە و باس لە گشتپرسی بۆ ناوی رێژیمی داهاتوو بکرێ، بە بێ ئەوەی بزانین کە لە سیستمی داهاتوودا چەندەی دیکە سەرکوت دەکرێین و بەناوی شتی پیرۆزکراوی دیکە بە دەیان و سەدان هەزار کەسی دیکەمان لێ دەکوژن و ئێعدام دەکەن؟

تەنیا رێفراندۆمی دێموکراتیک و واقیعی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی و نووسینی یاسایەکی بنەڕەتی لەسەر ئەساسی پرەنسیپەکانی دێموکراسی و ژیانی ئازاد و یەکسانی هەموو نەتەوەکانی نێو ئێران دەکرێ، کە لەو گشتپرسییەدا ئەو یاسایە بخرێتە دەنگدانەوە و ببێ بە پەیمانی پێکەوە ژیان، نەک ئامرازی پیرۆزکردنی وەهمەکان و شمشێری کوشتاری خەڵک.