کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشنووسی گەمارۆی نوێ بەدژی تاران درایە شۆرای ئەمنیەت

15:08 - 2 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەهۆی پاڵپشتی مووشەکی ڕێژیمی ئێران لە حووسییەکانی یەمەن، ڕەشنووسێک بۆ مەحکووم کردنی ئێران دراوە به شۆرای ئەمنیەت.

وڵاتانی ئامریکا، فەرانسە و بریتانیا، لەسەر ناردنی مووشەک بۆ حووسییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێران و پێشێل کردنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەشنووسێکیان بە دژی ئێران داوە بە شۆرای ئەمنیەت بۆ مەحکووم کردنی ئێران.

ئەو ڕەشنووسە لە لایەن بریتانیاوە دراوە به ١٥ ئەندامی شۆرای ئەمنیەت و لە ٢٦ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی، لە شۆرادا ڕاپرسی لەسەر دەکرێت؛ جێگەی ئاماژەیە کە هەندێک لە دیپلۆماتەکانی شۆرای ئەمنییەت لەبارەی ئەو ڕەشنووسەوە وتوویانە کە ڕێگە دەدەن بەو ڕێکخراوە تاکوو لەسەر چالاکییە موشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن، گەمارۆ بچەسپێنێت.

حووسییەکانی یەمەن، تا ئێستا زیاتر لە ٩٠ مووشەکی بالستیکیان بەرەو عەرەبستان هاویشتووە و بوونەتە هۆی نیگەرانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی و زۆرجار ڕایانگەیاندووە کە ئەو مووشەکانە سازکراوی ئێرانن کە هەڵویستی کۆمەڵگای جیهانیشی بە دوای خۆیدا هێناوە و دەستیان کردووە به لێکۆڵینەوە لەسەر پاشماوەی مووشەکەکان و هەندێک بەڵگە دەرکەوتوون کە سازکراوی ئێرانن.