کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی دەراویشی گۆنابادی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

16:15 - 2 رەشەمه 2717

نەوید کەرەمی

کوردستان میدیا: پاش دەسبەسەرکرانی یەکێک لە دەراویشی گۆنابادی، لە نێوان دەراویش و هێزە چەکدارەکانی رێژیم، تێکهەڵچوونێکی خوێناوی روویدا.

پاش ئەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، نێعمەتوڵا ڕیاحی یەکێک لە دەراویشی گۆنابادی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا، لە نێوان دەراویشی گۆنابادی و هێزەکانی ڕێژیم، تێکهەڵچوونێکی سەخت هاتە ئاراوە، کە لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونە خوێناوییەدا، تا ئێستا ٥ چەکداری ڕێژیم کوژراون و بە سەدان کەس لە دەراویشی گۆنابادیش دەسبەسەر کراون.

تێکهەڵچوونی نێوان دەراویشی گۆنابادی و هێزەکانی ڕێژیم، ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ئەمساڵ دەستی پێکرد، کاتێک کە دەراویشی گۆنابادی پێشیان بە لیباس شەخسی و هێزەکانی ئیتلاعات گرت و ئیزنیان نەدا دوکتور نوورعەلی تابەندە، جەمسەری تەریقەتی گۆنابادی دەسبەسەر بکەن.

لە دوو حەوتووی ڕابردوودا واپێدەچوو بارودۆخەکە ئاسایی بووبێتەوە، بەڵام ئێوارەی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان کۆمەڵیک لە دەراویشی گۆنابادی کە بە مەبەستی ئازاد کرانی نێعمەتۆڵا ڕیاحی لەبەردەم کەلانتەری پاسداران، دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین، گرژییەکان ئاڵۆزتر و شەڕی دەراویش و هێزەکانی پۆلیس قورستر بووە.

بە پێی وتەی شایەتحاڵان، هێزەکانی پۆلیس و لیباس شەخسییەکان هێرشیان بردووەتە سەر دەراویشی ناڕازی و دەستیان داوەتە لێدان و بڵاوە پێکردنیان، کە لەگەڵ دژکردەوەی دەراویش بەرەوڕوو بوونەتەوە و شەڕەکە دەستی پێکردووە.

کاناڵی تێلێگرامی سەر بە دەراویشی گۆنابادی، ڕایگەیاندووە لەو تێکهەڵچوونەدا چەند کەس لە دەراویش بەهۆی دەستڕێژی ڕاستەوخۆ بریندار کراون و بە سەدان کەسیش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەرن.

‌هێرشی هێزەکانی پولیس و لیباس شەخسییەکان بۆ سەر دەراویش ئەوەندە بێبەزەییانە بووە کە خەڵکیش چوونەتە یارمەتی دەراویش و دژ بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وەستاونەتەوە.

یەکێک لە دەراویشی گۆنابادی بە ناوی کەسرا نوری لە تویتری خۆیدا نووسیویەتی کە گولستانی حەوتەم لە شەقامی پاسدارانی تاران کە ماڵی دوکتوور نوور لەوێیە، بە تەواوەتی ملیتاریزە کراوە.

لەو تێکهەڵچوونانەدا، چەکدارانی ڕێژیم بە ڕادەیەک کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرتووە کە بووەتە هۆی ئازاردانی چاو و قورگی خەڵک و دەراویش ناچار بوون بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری خراپی ئەو گازە، لە ناو شەقامەکاندا ئاگر لە تەگەری ماشین بدەن.

بە پێی ویدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، پاسێک بە خێرایی هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ڕێژیم و چەند کەسێکیان دەکاتە ژێرەوە؛ وتەبێژی هێزەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەو پاسە هی دەراویش بووە، بەڵام دەراویشی گۆنابادی رەتیان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ جورێک ئەو پاسە هی ئەوان نییە.

وتەبێژی هێزەکانی پۆلیس ڕایگەیاندووە کە لە دەسپێکی ئەو تێکهەڵچوونەوە تا ئێستا ٥ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و لە بەرانبەریشدا ٣٠٠ کەس لە دەراویشی گۆنابادی دەسبەسەر کراون.

دەراویشی گۆنابادی لە ئێراندا بەردەوام لە لایەن ڕێژیمەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت و بە بیانووی جۆراوجۆر و بە تۆمەتگەلی ئەمنیەتی لە خوێندن بێبەش، دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری مافی مرۆف، بەردەوام ئێرانیان بە پێشێلکاری مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان زانیوە و ئەو وڵاتە وەک زیندانی جیابیران دەناسێنن.