کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرتر بوونی ئەگەری ڕوودانی شەری نێوان ئێران و ئیسرائیل

16:50 - 2 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە سەر سنوورەکانی ئیسرائیل، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتەی زیاتر کردووە.

رۆژنامەکانی ئاڵمان، لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە، باسیان لەوە کردووە کە ئێران و حیزبوڵا لە خاکی سووریە و نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل دەستیان داوەتە دامەزراندنی بنکەی سەربازی و ئامادەکاری بۆ هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە.

پێشتریش هەواڵدەرییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریە ڕاپۆرتێکی هاوشێوەیان بڵاو کردبوویەوە و بە نسبەت چالاکییە سەربازییەکان و بنکە و بارەگاکانی ئێران و حیزبوڵا لە بەرزاییەکانی گوڵاندا هۆشدارییان دابوو.

ئانتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە: ڕاپۆرتی ئۆپۆزسیۆنی سووری، رۆژنامە ناسراوەکانی ئاڵمان، وتەکانی سەرۆکی موساد و ئاگادارییەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئەگەر بە خێرایی کارێک نەکرێت، لە داهاتوویەکی نیزیکدا بینەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەبین.

گوترێش بارودۆخەکە زۆر بە هەستیار دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت: کێشەی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆر هەستیارە و تەنیا یەک چەخماخە دەتوانێ شەڕێکی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک بوونی ئێران لە نزیک سنوورەکانی خۆی قبووڵ ناکات و هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران و سووریەی کردبوو.