کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر سەیدئیمامی جاسوس بوو، بۆچی گیانی نەپارێزرا

14:55 - 3 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ناوەندی بەناو دادوەری و دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە نسبەت مەرگی گوماناوی کاووس سەیدئیمامی بە خەتابار زانی.

دوو حەوتوو پاش مردنی گوماناوی کاووس سەید ئیمامی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاراندا، نوێنەرێکی مەجلیسی ڕیژیم، دەوڵەتی بە خەتاباری سەرەکی ئەو تاوانە زانی.

غوڵام جافرزادە ئیمەناوایی، رۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەل هەواڵدەری ئیلنا ڕایگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر بە نیسبەت جاسوس بوونی سەیدئیمامی بوونی نییە، لەو بارەوە دەوڵەت کەمکار و خەتابارە کە نەیتوانیوە بەرگری لە مافی شارۆمەندی ناوبراو بکات.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ئەمساڵ کاووس سەیدئیمامی، دوکتورای کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆ و هەروەها کەسایەتی بەرچاوی ژینگەپارێزی و چەندین کەس لە هاوکارەکانیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سیا و موساد دەسبەسەر کرد، دوو حەوتوو دواتر بەرپرسانی دادوەری ڕایانگەیاند کە ناوبراو لە بەندیخانەدا خۆی کوشتووە، هەواڵێک کە نە بۆبنەماڵەی کاووس و نە خەڵک و نە دەوڵەتی کانادا، جێگای باوەڕ نەبوو.

بەرپرسانی ئیتلاعاتی ڕایانگەیاندبوو کە کاووس سەید ئیمامی و هاوکارەکانی بە بیانووی ژینگە پارێزی و چاوەدێری ئاژەڵە کێوییەکان، وێنەیان لە سایتە مووشەکییەکان هەڵگرتووە و بەڕێیان کردووەتە دەرەوە، بەڵام بنەماڵە و پارێزەرەکانی ناوبراو ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو دووربینانەی کە کاووس و هاوکارەکانی بەکاریان هێناون تەنیا بۆ بینینی جووڵەی ئاژەڵە کێوییەکانن و تەنیا دەتوانن تا ٥٠ میتری خۆیان ببینن.

دەوڵەتی کانادا داوای وەدوا خستنی بەخاک سپاردنی تەرمی ناوبراو و پشکنینی پزیشکی بە مەبەستی دەرکەوتنی هۆکاری مردنی ناوبراوی کردبوو.

کوژرانی سەید ئیمامی لە بەندیخانەی ئێڤین و بەردەوامی دەسبەسەر کرانی کەسانی دوو ناسنامەیی ، کاردانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێناوە و رۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان ئەو بابەتە لە چەندین بڵاوکراوەی ئینگلیسی زمان و بەتایبەت رۆژنامەی وال ئیستریت ژورنال و نیۆیۆرک تایمز، دەنگی دایەوە.

جافرزادە هەروەها ڕەخنەی لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی گرتووە و ڕایگەیاندووە: بۆچی دەنگ و ڕەنگ ئەو ئیزنە بە خۆی دەدات کە لە تاکەکەسیترین بەشی ژیانی کاووس وێنە بگرێت و بڵاوی بکاتەوە، بەڵام ناتوانێ بەڵگەیەکی سەلمێنەر بە نسبەت تۆمەتی وەپاڵ دراوی ئەو کەسەی لەبەر دەستدا بێت.

پارێزەرانی ناوبراو سکاڵایان لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستان و بەرپرسانی بەرنامەی خەبەری ٢٠:٣٠ تۆمار کردووە.