کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی ناڕازییان بە خۆداپۆشینی زۆرەملێ بەردەوامە

15:33 - 3 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: پۆلیسی تاران کچێکی دیکەی کە بە نسبەت یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملی، ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، دەسبەسەر کرد.

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، پۆلیسی تاران لە شەقامی قەیتەریە، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر کچێک و قۆڵبەست و دەسبەسەریان کرد.

بە پێی دوایین ڕاپۆرتەکان، ئەو کچە کە لە شەقامی قەیتەریە، بە شێوەیەکی سەمبۆلیک بە لابردن و شەکاندنەوەی سەرپۆشەکەی ناڕەزایەتی خۆی بە یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێ دەربڕیبوو، لە پشتەوە لە لایەن هێزەکانی پۆلیس هێرش دەکرێتە سەری و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێبەزەییانە قۆڵبەست و دەسبەسەر دەکرێت.

لە چەندین حەوتووی ڕابردوودا کچان و ژنانی ئێرانی بە لابردنی ڕووسەرییەکانیان و بەستنی بەسەر دارێک و شەکاندنەوەی، جووڵانەوەیەکیان دژ بە یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە ئێران دەستی پێکرد، کە بە کچانی شەقامی ئینقلاب ناسرا و بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی دایەوە.

یەکەمجار ئەو کارە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ئەمساڵ لە لایەن کچێک بە ناوی ویدا موەحێد دەستی پێکرد و پاشان بەردەوام بوو؛ تا ئێستا چەندین کچ و ژن بەو هۆیەوە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و زیندانی کراون.

٣٩ ساڵ بەسەر یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە ئێراندا تێدەپەڕێ و هەر رۆژ ژنانی زیاتر و زیاتر بە هۆی بەرچاو نەگرتنی ئەو یاسایە لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.