کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن ناوەندی شەڕی نیابەتی زلهێزانی ناوچەیی و جیهانی

16:25 - 3 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: روسیە هیچ جۆرە ڕەشنوسێک کە باس لە دەستێوەردان و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی یەمەن بکات، واژۆ ناکات.

بریتانیا، فەڕانسە و ئامریکا، رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان ئامادە کردووە کە سەرەڕای درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی یەمەن بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە، ئێرانی بەهۆی ناردن و دانی مووشەکە بالستیکەکانی بە حوسییەکانی یەمەن تۆمەتبار کردووە.

واسیلی نبنزیا، نوێنەری رووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەممەی١٣٩٦ی هەتاوی ڕایگەیاندووە: بە هیچ شێوەیەک لە رەشنووسی بڕیارنامەی نوێ بە نسبەت یەمەن، نابێ باسی تۆمەتبار بوونی ئێران بە هۆی ناردنی مووشەکی بالستیک بۆ حوسییەکان بێتە ئاراوە.

ناوبراو بە هەواڵدەری رۆیتێرزی گوتووە: بە گشتی ئێمە پرسی تۆمەتبار بوونی ئێران قەبووڵ ناکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری رۆیتێرز، ئەو ڕەشنووسە دەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نسبەت دانانی هەرجۆرە گەمارۆیەک لە پێوەندی لەگەڵ دان و کەڵک وەرگرتن لە مووشەکە بالستیکەکان، ئاواڵەتر دەکات.

نیکی هیلی، نوێنەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا نووسیویەتی: لە ڕۆژی واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی ناوکییەوە تا ئێستا، پاڵپشتی و یارمەتی ڕێژیمی ئێران بۆ ملیشیا و گروپە تیرۆریستییەکان بە ئاشکرا زیادی کردووە و مووشەک و چەکوچۆڵە پێشکەوتووەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شەڕ و ئاژاوە هەبێت، بەڕی کراوە و گوازراوەتەوە.