کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی جیهانی

15:54 - 4 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شفافیتی نێونەتەوەیی، ئێران لە ڕووی گەندەڵی ماڵییەوە لە پلەی ١٣٠دایە.

ڕێکخراوی شفافیتی نێونەتەوەیی ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە رۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە بواری گەندەڵی ماڵی، لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٣٠ی هەیە.

ئەو ڕێکخراوەیە پلەی وڵاتان لە سفر تا سەد دیاری دەکات، پلەی سفر بۆ وڵاتانی بەتەواوەتی گەندەڵ و پلەی سەد بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو و شەفاف، کە بە پێی ئەو پێوەرە ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا پلەی١٣٠ی هەبووە.

بە پێ ئەو پلەبەندییە گەندەڵترین وڵات سوومالی و شەفافترین وڵات نیوزیلەند دەسنیشان کراوە.

ئەو ڕێکخراوەیە ڕایدەگەیەنێ کە لە وڵاتانی گەندەڵدا چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ هەر رۆژ ژیان و گیانیان لە مەترسیدایە.

ئەو دەوڵەتانەی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک دژ بە میدیا سەربەخۆ و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان شەڕ دەکەن، لە بواری گەندەڵی ماڵییەوە لە خراپترین بارودۆخدا بەسەر دەبەن، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە وڵاتانێکدا کە ئاستی گەندەڵییان لە سەرەوەیە بە ڕێژەیەکی نێونجی لە حەوتوویەکدا هەواڵنێرێک کوژراوە.