کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە هەوڵدان تا دەراویشی گۆنابادی بە سیخوڕی تۆمەتبار بکەن

16:29 - 5 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئەمنیەتی و ئیمامانی جەماعەتی ڕێژیمی ئێران بە هەمووشێوەیەک لە هەوڵدان کە دەراویشی گۆنابادی وەک سیخوڕی ئامریکا و ئیسرائیل و بریتانیا بناسێنن.

پاش تێکهەڵچوونەکەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، نێوان دەراویشی گۆنابادی و هێزەکانی پۆلیس و لیباس شەخسییەکان، کە بووە هۆی کوژرانی چەند کەس لە هێزەکانی ڕێژیم و ٣٠٠ کەسیش لە دەراویش دەسبەسەرکران، بەرپرسانی ئەمنیەتی ڕێژیم هەوڵ دەدەن ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی دەراویشی گۆنابادی بە وڵاتانی دەرەکییەوە ببەستنەوە.

محەممەدعەلی موەحدی کرمانی، بەرنوێژی هەینی تاران، رۆژی ٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەهۆی سەرکوت و دەستگیر کردنی دەراویشی گۆنابادی دەستخۆشی لە پۆلیسی تاران کردبوو.

ناوبراو دەراویشی بە جەنایەتکار ناو بردووە و داوای لە بەرپرسانی قەزایی کردبوو کە بە توندی هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا بکەن و سەختترین سزایان بۆ دیاری بکەن؛ هەروەها جەختی کردووەتەوە کە مەسەلەی ئەمنیەتی شتێک نییە کە بە سادەیی لێی خۆش بین.

هاوکات لەگەڵ ئاخاوتنەکانی بەرنوێژی هەینی تاران، ئەحمەد عەلەمولهۆدا، بەرنوێژی هەینی مەشهەد لە ئاخاوتنەکانی ئەم هەینییەدا دەراویشی گۆنابادی بە تەریقەتێک کە بەدەستی بریتانیا دروست کراون ناو بردووە و ڕایگەیاندووە، ئەوان گیان و ناموسی خەڵکیان کردووەتە ئامانج.

نە تەنیا ئیمامانی جەماعەت بەڵکوو بەرپرسانی سپا و ئەمنیەتی ڕێژیمیش دەراویشی گۆنابادییان بە لەشکەری ئامریکا و ئیسرائیل شوبهاندووە.

سەرچاوەکانی نزیک بە دەراویشی گۆنابادی باس لەوە دەکەن کە لە جەرەیانی تێکهەڵچوونەکەی گولستاندا ٤٠ کەسیان بە توندی بریندار بوون کە لە نەخۆشخانەی خاتەمۆلئەنبیا لەژێر چاوەدێری پزشکیدان.

تێکهەڵچوونی دەراویش و پۆلیس و سپا، ئێوارەی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان دوابەدوای ناڕەزایەتی دەراویشی هەژار بە دەستبەسەرکرانی کەسێک لە دەراویش بە ناوی نێعمەتۆڵا ریاحی لە بەردەم کەلانتەری پاسداراندا هاتە ئاراوە.