کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێران و روسیە لە سوریەدا، ریسواییان خوڵقاندووە

16:33 - 5 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا سەرەڕای ڕخنە گرتن لە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و روسیە لەهەمبەر شەڕەکانی سووریە، بارودۆخەکەی بە ریسوایی مرۆیی ناوبرد.

دانلد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی فێوریەی ٢٠١٨ زایینی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەوەی روسیە و ڕێژیمی ئێران و بەشار ئەسەد لە خەڵکی سێڤیلیان کردووە ریسوایی ئینسانییە.

لە بوردمانەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا لە غوتەی ڕۆژئاوا، لە حەوتوویەکدا زۆرتر لە ٤٠٠ کەس خەڵکی ئاسایی کوژراون، کە بووەتە هۆی بە دەنگەوە هاتنی کۆمەڵگای جیهانی و شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر کۆتایی هێنان بە بارودۆخی سووریە، بڕیارنامەیەک بە ڕاپرسی دادەنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە رووسیە لەو باوەڕەدایە کە هیچ گەرەنتیەک نییە کە دوای پەسەند کردنی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت، شەڕ کۆتایی پێ بێت؛ سێرگیی لاورۆف وتوویەتی کە وڵاتەکەی، ڕێگە چارەیەک پێشنیار دەکات کە، ئاگربڕی ڕاستەقینە لە سووریە پێک بێت.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئێران، کە پاڵپشتی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە و بەرژەوەندییەکانی لە شەڕی سووریە دەبینی، بەردەوامە لە بردنەوەی هێزی نیزامی بۆ سووریە و دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە.

بۆ چارەسەری کێشەی شەڕی سووریە، وڵاتانی ناوچەکە و یەکیەتیی ئۆرووپا بەردەوامن لە دانیشتن و وتووێژ و بە ڕای زۆر کەس لە سیاسەتوانان، سەرەڕای پاشەکشە کردن بە ڕێژیمی ئێران، پێویستە ئامریکا و رووسیە بە هاودەنگی بگەن.