کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە رۆژئاواییەكان: ئیسكۆرتەكانی بەشار ئەسەد لەئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانن

14:59 - 29 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: لەحاڵی حازردا سەركۆماری رێژیمی سووریە كەڵك لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیمی تاران بەمەبەستی پاراستنی گیانی وەردەگرێ.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە لەزاری ژمارەیەک دیپلۆماتی رۆژئاواوە بڵاوی كردەوە، بەشار ئەسەد متمانەی بە ئیسكۆرتە عەلەوییەكانی نەماوە و بەجێگای ئەوان هێزەكانی سەر بە سپای پاسداران ئەركی پاراستنی گیانیان وەئەستۆ گرتووە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كردووە، هۆكاری ئەو كارەی ئەسەد دەگەرێتەوە بۆ كێشەیەك كە لە نێوان عەلەوییەكانی وڵاتی سووریەدا درووست بووە.

شەڕ و پێكدادانەكان لە وڵاتی سووریە بەردەوامە

بەپێی دوایین زانیارییەكان رێكەوتی ٢٧‌ی رەزبەر تەنیا لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا ١٩٦ هاووڵاتیی مەدەنی بەدەستی هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی سووریە كوژراون.

هاوكات لەگەڵ توندتر بوونی شەڕ و پێكدادانەكان لە نیوان هێزە ئەمنیەتییەكان و ئەرتشی ئازادی سووریە، رێژیمی دیمەشق ١١٤ شوێنی وڵاتی سووریەی بە فرۆكە جەنگییەكان بوردومان كردووە.

لەلایەكی دیكەوە چالاكانی مافی مرۆڤ لە سووریە رایانگەیاندووە، لە دەسپێكی نائارامییەكانەوە هەتا ئێستا ٢٨ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە بێ‌ سەروشوێن كراون.