کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:09 - 7 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: یەکەمین کۆبوونەوەی ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

راگەیەندراوێک لەم پێوەندییەدا بڵاو کرایەوە کە دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٦ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداری لێپرسراوی گشتی حیزب، هاوڕێی بەڕێز کاک مستەفا هیجری و ئەندامانی ناوەندی سیاسی پێکهێنا.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەم ناوەندە کە بە پەسندی کۆنگرەی ١٦ی حیزب گەیشتوون بە بەرچاوروونی زیاترەوە باسیان لەسەر کرا و وردبوونەوەی پتریان بۆ کرا؛ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەسەر شێوەی کاری ناوەندی سیاسی ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لە دوابڕگەی کاری کۆبوونەوەی ناوەندیی سیاسیدا لە سەر پێشنیاری لێپرسراوی گشتی و پاش دەنگدانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕێی بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی بە تێکڕای دەنگی بەشداربووان بە بەرپرسی ناوەندی سیاسی و لە هەمانکاتدا وەک جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندیی سیاسی

٧ی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٦ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی