کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

14:15 - 9 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی سەرکەوتووانەی شانزدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی شانزدەهەمین کۆنگرەی حیزب

لە ڕێگەی ئەم راگەیەندراوەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە ١٦هەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی، بەپێی ئەو بەرنامەیە کە وەک دەستووری کار دیاری کرابوو دەستی بەکار کرد و پاش چوار ڕۆژ کاری بەردەوام، درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

کۆنگرەی ١٦هەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەڵومەرجێکی تایبەتی و ناوچەییدا بەڕێوەچوو کە پێویست بوو هەم لە باری سیاسی و هەمیش لە باری ئەمنییەتییەوە گرینگییەکی بەرچاوی پێ بدرێ، بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە جیددی بۆ زەبروەشاندن لە کۆنگرە یا پێشگرتن لە بەڕێوەچونی لە دارشتنی پلان و پیلانگێریدا بوو. بەخۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەگەرەکان بەتایبەت لە باری کات و شوێنی کۆنگرە و پاراستنی ئاسایشی شوێنی کۆنگرە وردبینانە هەڵسوکەوتی کرد، هەر بۆیە کۆنگرە لەو بارەشەوە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.

ساڵۆنی کۆنگرە بە چەندین دروشم رازابووەوە، کە دەربڕی بیروبۆچوونی دێموکراتییانە، نەتەوەییانە و دادپەروەرانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون ڕاسانی ڕۆژهەڵات وەکوو ناوی کۆنگرە هەڵبژێردرا.

کورسیی هاوڕێیان شەهید چەکۆ ڕەحیمی، کاوە جەوانمەرد و هێمن مەولاننژاد کە نوێنەری کۆنگرە بوون، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەهید بوونیان پێش کاتی بەستنی کۆنگرە بەتاڵ بوو بە چەپکەگوڵ ڕازێنرابوون.

کۆنگرەی ١٦ی حیزبەکەمان بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بە پێوە ڕاوەستان بە بێدەنگی دەستی بە کارەکانی کرد و پاشان هاوڕێی بەڕێز حەسەن شەرەفی بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ١٦ڕاپۆرتی کارەکانی ئەو کۆمیتەی پێشکەشی ئەندامانی کۆنگرە کرد، پاش پەسندکرانی ڕاپۆرتەکە دەنگی بۆ مەشرووعییەت و ڕەوایی کۆنگرە وەرگرت کە نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرە بە تێکڕای دەنگ مەشرووعییەتی کۆنگرەیان پەسند کرد و کۆنگرە بە فەرمی چووە بواری بەڕێوەبردنی ئەو بەرنامانەی کە لە دەستووری کاری کۆنگرەدا دەسنیشان کرابوون.

بەپێی ئەو بەرنامەیە سەرەتا داوا لە تێکۆشەر و کەسایەتی ناسراوی حیزبەکەمان کاک مەلا حەسەن شێوەسەڵی کرا کە وتاری کردنەوەی کۆنگرە پێشکەش بکات. بەڕێزیان لە پەیامی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە هەلومەرجی ناوچە و شوێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گۆڕەپانی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تەبایی نێوماڵی کورد و یەکڕیزیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە پێویستییەکی گرینگ دانا، کە ئەو پەیامە بەگەرمی پێشوازی لێ کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرەدا ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی لە لایەن بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشکەشی کۆنگرە کرا. ئەو ڕاپۆرتە وەزعی جیهانی و هەڵوێستەکانی وڵاتانی زلهێز و شوێندانەریان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچە و ئێران و دۆزی کورد بەگشتی، هەروەها ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە کەوتبووە بەرچاو و وەزعی ئێستای ئێران و خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و مافەکانیان بە وردی ئاماژەیان پێ کرابوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا دۆزی کورد بەگشتی لە هەموو پارچەکان بەمجۆرە کە هەیە باسیان لێ کرابوو و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەوری هێزە سیاسییەکانی کورد لەو پارچەیەی کوردستان و پێویستی هاوکاری و هاوخەباتی ئەو هێزانە و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد پێ لەسەر داگیرابوو، لەو چوارچێوەدا وەدیهاتنی بەرە یا ئیتلافێک لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە گرینگییەکی تایبەتییەوە سەیری کرابوو و لابردنی بەربەستەکانی سەر ڕێگای ئەم مەبەستە دەسنیشان کرابوون.

لەو پێوەندییەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە تا بەئاکام گەیشتنی یەکگرتنەوە حزوور و بەشداری هاوڕێیانی پێشوو لە هەر تەشەکوولێک یان بەرە یان ئیئتلافێکی نێوان هێزە کوردیی و ئێرانییەکان ناکاتە بەربەستی ئامادەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم بەرە یا ئیئتلافە کوردی یا ئێرانییەدا.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە بۆ گرینگی دان بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات تەرخان کرابوو کە لەو بارەوە شێوەی بەرینتر کردنەوە و شوێندانەرتربوونی دەسنیشان کرابوو. ئەندامانی کۆنگرە لە چەند دانیشتندا زۆر چالاکانە بەشداری باس و ڕاوبۆچوون دەربڕین لەسەر هەرکام لە بەشەکانی ڕاپۆرت بوون کە تێبینی و بۆچوونەکانیان ڕاپۆرتەکەی دەوڵەمەندتر کرد.

سەرئەنجام لە دەنگ وەرگرتنێکدا ڕاپۆرتەکە بە زۆرینەیەکی بەرچاو پەسند کرا. دیارە کۆی باس و بابەتەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە داهاتوودا پاش چاپ و بڵاوکردنەوە دەکەوێتە بەرچاوی هەموو لایەک.

بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرە باس لەسەر گەڵاڵەی پێکهاتەی حیزب بوو، گەڵاڵەیەک کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و گرینگیدان بە بایەخە تەشکیلاتییە نێوخۆییەکان، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتیی لە پێکهاتەی حیزبدا پێک دێنێ، هەر بۆیە بارتەقای گرینگییەکەی، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە کەوتبووە بەرباس و ڕادەربڕین و سەرئەنجام ئەو گەڵاڵەیە کە سەرەتا لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزب و چەند هاوڕێیەکەوە ئامادە کرابوو، پاش پێداچوونەوە و لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان لە پلینۆمەکانی دوایی حیزبدا لە لایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە کۆدەنگی لەسەر درووست بوو و وەک گەڵاڵەی پێشنیاری کۆمیتەی ناوەندی بۆ پێکهاتەی حیزب پێشکەشی کۆنگرەی ١٦ی حیزب کرا.

ئەو گەڵاڵەیە لە لایەن بەشدارانی کۆنگرەوە بە تێروتەسەلی باسی لەسەر کرا و ئاڵوگۆڕی بیروڕای بۆ کرا و پاش لەبەرچاوگرتنی ڕای زۆربەی بەشدارانی کۆنگرە وەک گەڵاڵەی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزبدا بە زۆرینەی بەرچاوی دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە پەسند کرا.

بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرە پێداچوونەوە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب بوو، دیارە بەرنامە لەژێر تیشکی ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندیدا و پێڕەوی نێوخۆیش بە سەرنجدان بە نێوەڕۆکی گەڵاڵەی پێکهاتەی حیزب داڕێژرابوون، بەم حاڵەش بەشدارانی کۆنگرە چالاکانە لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبیشدا بە وردی ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی، سەرئەنجام بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی بەشداران، بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبیش لە لایەن نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرەوە پەسند کران.

بڕگەی دوایی کاری کۆنگرە دیاریکردنی لێژنەی هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بوو، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە لێژنەیەکی سێ کەسی لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە بۆ چاوەدێریی بەسەر هەڵبژاردنەکان دیاری کرا و ژمارەیەک هاوکاری دیکە لە ئەندامانی کۆنگرە کاری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانیان پێ‌ئەسپێردرا . ئەم لێژنەیە سەرەتا هەڵبژاردنی بۆ لێپرسراوی گشتیی حیزب بەڕێوە برد و لە ئەنجامدا هاوڕێی بەڕێز کاک مستەفا هیجری بە زۆرینەی بەرچاوی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە وەک لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.

پاشان ئەو لێژنەیە کاری هەڵبژاردنی ئەندامانی ناوەندی سیاسی بەڕێوەبرد و لە نێو کاندیداتۆرەکاندا کە ژمارەیان بەرچاو بوو، ئەو رێژەیەی کە کۆنگرە بۆ ناوەندی سیاسی پەسندی کرد بوو، لە چوار دەوری هەڵبژاردندا براوەی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند. لێرەدا ئاماژە بەوە پێویستە کە ڕێژەی بەشداری ژنان چ وەک ئەندامی نوێنەری کۆنگرە و چ وەک ئەندامی ناوەندی سیاسی تا ڕادەیەک هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیبوو.

پێویستە بگوترێ لە مەودای نێوان بڕگەکانی بەرنامەی کۆنگرەدا لیستە و ناوی ئەو حیزب و لایەنە سیاسییە بیانی، ئێرانی و کوردستانییانە کە پەیامیان بۆ کۆنگرە ناردبوو، لە لایەن کۆمیسیۆنی پەیامەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەوە بە ئاگاداری بەشدارانی کۆنگرە گەیشت ولیستی ئەو پەیامانەش ڕاگەیاندران کە بە ناوی کۆنگرەوە بۆ لایەنەکانی پێویست دەنێردرێ.

هەروەها کۆمیسیونەکانی سکاڵا و بڕیارەکانی کۆنگرەش لە ڕەوتی کاری کۆنگرەدا ئەرکی پێئەسپێردراوی خۆیان بەڕێوە برد و ئاکامەکەیان بە کۆنگرە ڕاگەیاند.

بەمجۆرە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێ‌درا، بەڵگەنامەکانی کۆنگرە پاش ئامادەبوون و بە چاپ گەیشتن دەکەونە بەر دیدی خوازیارانی.

سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی سەرانسەری ئێران
نەمان بۆ ڕێژیمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندیی سیاسی

٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٨ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی