کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌یامی‌ پیرۆزبایی‌ ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ ناوچەی سندووس

15:21 - 9 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی ناردنی پەیامەکانی پیرۆزبایی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ ناوچەی سندووس، پەیامی پێرۆزبایی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد.

دەقی پەیامەکە:

سڵاوی گەرم و کوردانەمان لە تەواوی پێشمەرگە چاونەترسانەی کوردستان کە خۆنەویستانە چەکی شەڕافەتیان لە پێناو خۆشەویستیی نیشتمان لە شان کردووە. هەروەها سڵاو لە گۆڕی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە هەر چوار پارچەی داگیرکراومان.

بەبۆنەی سەرکەوتنی شازدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی تەواوی چین و توێژی کۆمەڵگای کوردستان و هەروەها ڕێبوارانی ڕاستەقینەی ڕێگای سەربەستیی خاک دەکەین.

دیسان سڵاوێکی بێگەرد بە وێنەی خوێنی شەهیدانی کوردستان بۆ سەرجەم بنەماڵەی سەرفیرازی شەهیدان، ئەندامان و گیراوانی سیاسیی کورد و هەروەها لە بنەماڵەی ئەو شاخە خۆڕاگرانە.

سڵاو و ڕێز بۆ تێکۆشانی کۆڵنەدەرانەی ئێوە دڵسۆزانی کورد، هیوادارین بە یارمەتی و هاوبیری سەرجەم شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان، بە زووترین کات لە ئاخی کوردستان، هەتاوی ڕزگاری لە قەندیلەوە سەر هەڵدات.

بەخۆشیەوە هەواڵی کۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی۱٦مین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانمان پێگەیشت. چاوەڕوانین بڕیارەکانی کۆنگرە بە تۆکمەتیرین حاڵەتی گونجاو جێبەجێ کرێت تا نەیارانی کورد و کوردستان پێی کوێر بن و دایکی نیشتمان پێی شاد بێ.

ئێمە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٦ بە دەسکەوتێکی مەزن بۆ تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و هەروەها گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین وێڕای دووبارە بەلێن نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان ئامادەین بۆ ڕاپەراندنی ئەرک و ڕاسپاردی حیزبی لە ناوچەی سندووس و شاری نەغەدەی دێموکراتپەروەر. هیوادارین دەرئەنجامە پۆزێتیوەکانی ئەم کۆنگرەیە بە زووترین کات کاریگەری لە سەر چارەنووسی کورد لەم پارچەی کوردستان و پارچەکانی‌تر هەبێ، چون ئێمە لە سەر ئەم بڕوایەینە کە چارەنووسمان لە بەشەکانی تەریب و جیاواز نییە .

لە کۆتاییدا سڵاوی گەرمی خۆمان ئاراستەی پێشمەرگە و بنەماڵە خۆڕاگریان دەکەین کە لە سەنگەری شاخ، خەریکی بەرگری لە کەرامەتی ئێمەن. لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە (کاکی هەمیشە پێشمەرگە)، ڕێزدار کاک مستەفا هیجری دەکەین، وەک لێپرسراوی گشتیی حدکا و چاوەڕوانین ئەو بەڕێزە وەک هەمیشە خۆنەویستانە هەول و تێکۆشان بکات بۆ وەگەرخستنی پتانسییەل و وزەی حدکا بۆ نیزێک کردنەوە و ڕێکخستنی ماڵی کورد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها داخۆازین لەو بەرێز و هەموو بەرپرسان و پێشمەرگەی کوردستان کە سێسەرە (تمرکز) بدەنە سەر ئەکتیوکردنی تاک و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای (وشیاری نەتەوەیی - کاراکردنی هزری نەتەوەیی - پتەوکردنی شووناسی نەتەوەیی). بۆ دوورکردنەوە و دەربازکردنی، تاکی کورد لەم شێوە لە خۆنامۆییە کە بەشێکی لە کۆمەڵگای بە هۆی نائۆمێدی و سەرلێشێواوی تەنیوەتەوە، بەواتایەک کە جوورە دابڕانێک لە وێژە و میژووی کوردیان پێوە دیارە.

سەرکەوتوو بن.

ئێمە ڕاساوین، لە پێناو ڕزگاری خاکی نیشتمان، بە دەم بانگەوازی ڕاسانەوە دەرۆین تا دوایین دڵۆپی خوێنمان...

بژی کورد و کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بژی بزاڤی ڕزگاریخۆازیی کورد
مەرگ و نەمان بۆ تاریک پەرستان

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦ی ڕەشەمەی ۲۷۱۷ی کوردی