کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەباح ڕەحمانی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو

14:03 - 11 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکرات لە ئەنجامی کردەوە تێرۆریستییەکەی بنەسڵاوەی هەولێر، شەهید بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەباح ڕەحمانی کوڕی سەلاح کە ڕۆژی ڕابردوو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیاندا، لە شاری هەولێر کرانە ئامانجی کردەوەیەکی تێرۆریستی، بەهۆی سەختی برینەکانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، گیانی لەدەستدا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

سەباح ڕەحمانی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی کامیاران، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە فەرمی بووە ئەندامی حیزب و زۆر چالاکانە بەشداری لە کاروباری حیزبی دەکرد و هەردەم ئامادەی ڕاپەڕاندنی ئەرک و پێئەسپێردراوە حیزبییەکان بوو.

ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە کە تەمەنی یەکێک لە منداڵەکانی بەناوی ڕاسان تەنیا دوو مانگە.

باوکی ئەم شەهیدە نوێیەی حیزبەکەمان یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەرەشەی تێرۆری لێکراوە؛ ناوبراو لە دیمانەیەکی کورتی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بەم ڕووداوە ڕایگەیاندووە، تەنیا شک و گومانی من بۆ ئەم کردەوە تێرۆریستییە لە کۆماری ئیسلامییە و هیچ کەسێکی تر.

بەناوی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.