کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید سەباح ڕەحمانی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا

20:28 - 11 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆدا شەهید سەباح ڕەحمانی، کە بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی تاران لە هەولێر شەهید کرا، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خاک سپێردرا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ناوەندیی سیاسی حیزب، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانان تەرمی شەهید سەباح ڕەحمانی کە ڕۆژی پێنجشەممە بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی تاران لە هەولێر شەهید کرا، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خاک سپێردرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ناوەندی سیاسی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەرەفی لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تێکۆشەری نەتەوەکەمان شەهید سەباح ڕەحمانی تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی کاک سەلاح ڕەحمانی کۆ بووینەتەوە، کە تەرمی پیرۆزی بە خاکی پیرۆزی کوردستان بسپێرین.

شەرەفی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، دۆێنی ئێوارێ دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەیشتە ماڵی کاک سەلاح و بە لکاندنی بۆمبێک بە ماشێنی ناوبراو، خۆی و کوڕەکەی کەوتنە بەر پەلاماری تێرۆریستیی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران و لەو هەوڵەدا کاک سەباح بەهۆی قووڵیی برینەکەی گیانی فیدای کوردستان کرد و کاک سەلاحیش بریندار بوو.

بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەترسێت و لە ترسی تێکۆشان و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست بۆ هەموو کارێک و یەک لەوانە تێرۆر دەبات؛ بەڵام دەبێ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بزانێت کە ئێمە هەنگاومان نەتەنیا شل نابێت بەڵکوو قایمتر لە جاران دەبێت.

شەرەفی باسی لەوەش کرد کە ڕێژیمی ئێران لەمێژە وادەزانێت کە بە تێرۆر و کوشتن دەتوانێت پێش بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بگرێت هەر بۆیە دوو ڕێبەریی نەتەوەکەمانی لە دەرەوەی وڵات شەهید کرد، بەڵام بەپێچەوانەوە شەهیدکرانی دوو ڕێبەرمان بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران ئێمە و تێکۆشەرانی کوردی بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانمان قایمتر کرد.

پاشان کاک سەلاح ڕەحمانی باوکی شەهید سەباح چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

کاک سەلاح لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران دەبێ بزانێت من ئیرادەم شل نابێت و تۆڵە دەکەمەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد من سێ کوڕم هەیە و هەر سێ کوڕم بە قوربانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم و ئەو کارەی ڕێژیم من لە خەبات شل ناکات و هەنگاوم بەهێزتر دەبێت.