کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی ناوەندی هاوكارى لە مانگرتنی شارەکانی كوردستان

14:27 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی لە مانگرتنی شارەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەیان بەم چەشنەیە:

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی كاسبكاران و بازاڕییانی شارەكانی بانە و پیرانشار لە ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەكانی ئەم شارانە دوكان و بازاڕیان داخست.

ئاشكرایە لە ئێستادا بە هەزاران كەس لە خەڵكی ئەو شارانە لە ئەنجامی سیاسەتی دواكەوتوو ڕاگرتنی بواری ئابووری كوردستان لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە، بژێوی ژیانیان لەو سنوورانەوە دابین دەكەن.

داخستنی سنوورەكان لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە بە هەر بیانوویەكەوە كاریگەری خراپی لە سەر ژیان و گوزەرانی ئەو هەزاران كەسە و بنەماڵەكانیان بووە.

خەڵكی شارەكانی بانە و پیرانشار بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە ناڕەزایەتی بەو بێ مافییەی خەڵكی كوردستان دووكان و بازاڕەكانیان داخست و ئه م دوواييانه ش خەڵكی شاری مەریوان بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵكی شارەكانی بانە و پیرانشار دووكان و بازاڕەكانی داخست. پشتیوانی خەڵكی شاری مەریوان لە داخوازی و مانگرتنەكەی خەڵكی شارەكانی بانە و پیرانشار دەرخەری هاوچارەنووسی خەڵكی كوردستان و لە هەمان كاتیشدا نیشانەیەكە لە پێگەیشتوویی لە خەباتی مەدەنی خەڵكی كوردستان بۆ دەستەبەر كردنی ماف و داخوازییەكانیان.

ناوەندی هاوكارى حيزبەکانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی داخستنی سنوورەكان و گوشارهێنان بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە ئەم جووڵانەوە مەدەنییەی شارەكانی بانە، پیرانشار و مەریوان بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانی خۆی لە ماف و داخوازییەكانی خەڵكی ئەو شارانە دەردەبڕێت. جێی وەبیرهێنانەوەیە كە هاوپشتی و هاوخەباتی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان، سەركەوتن و دەستەبەری مافەكانی خەڵكی كوردستان گەرەنتی دەكات.

ناوەندی هاوكارى حیزبەکانی كوردستانى ئێران
٢٠١٨/٣/١