کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشە تیرۆریستییەکەی بنەسڵاوە لە هەواڵدەریيە بەناوبانگەکانەوە رووماڵ دەکرێت

16:39 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: رووداوی تیرۆری ناکامی سەلاح رەحمانی، فەرماندەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە بەداخەوە تێیدا سەباح رەحمانی، کوڕی فەرماندە سەلاح و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکرات بە پلەی بەرزی شەهید بوون گەیشت، لەلایەن چەندین هەواڵدەریی بەناوبانگی جیهانەوە رووماڵ کرا، لەوانە ڕۆیتێرز و ئەلعەرەبییە.

رۆیتێرز هەواڵەکەی لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی پاش رووداوە تیرۆریستییەکە بڵاوکردووەتەوە، واتە پێش لەوەی شەهیدبوونی شەهید سەباح پشتڕاست کرێتەوە.

لە بەشێک لە هەواڵەکەدا هاتووە: بەپێی سەرچاوەکان، لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، دوو کەس بەهۆی بۆمبێکی چێندراو لە ماشیندا لە هەولێر برینداربوون، هێرشێکی تا ڕادەیەک دەگمەن لە ناوچەی نیمچەخودموختاری کوردستاندا.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: سەرچاوەکان دەڵێن بۆمبەکە بەرپرسێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)ی لە ناوچەی بنەسڵاوەی هەولێر ئامانج گرتبوو.

لە درێژەداهاتووە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کوردی ئێرانییە کە بۆ خودموختارییەکی بەربڵاو بۆ کۆمەڵگای کوردی لە ئێراندا خەبات دەکات.

لە کۆتاییدا نووسراوە: لە تویتێکدا، حیزبی دێموکرات دەڵێ ئەو بەرپرسە کە یەکێک لە پێشمەرگە جەنگاوەرەکانیەتی، وێڕای کوڕەکەی بەتوندی برینداربوون.

هەروەها ئەلعەرەبییە دوو ڕاپۆرتی لە سەر رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە. لە یەکێکیاندا لەژێر ناوی کوڕی ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی هێرشێک بە بۆمبی لکێندراوەوە گیانی لەدەستدا، هاتووە: سەباح ڕەحمانی کە هاوڕێ لەگەڵ باوکی، سەلاح ڕەحمانی، لە ئەندامانی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە، یەکی مارس لەناوچەی بنەسڵاوە لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، کرایە ئامانجی بۆمبێکی لکێندراوەوە، بەهۆی قووڵی برینەکانی گیانی لەدەستدا.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا هاتووە: سەباح ڕەحمانی، ٣٣ ساڵە، خەڵکی شاری کامیاران و لە ١٨ ساڵییەوە بەشێوەی فەرمی ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو. ناوبراو خاوەنی دوومنداڵ بوو کە یەکێکیان بەناوی ڕاسان تەنیا دوو مانگ تەمەنییەتی.

لە درێژەدا هاتووە: سەلاح رەحمانی، باوکی سەباح، کە بەتوندی برینداربووە، لە پێشمەرگە و فەرماندە بەناوبانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. ناوبراو چەندین جار لەلایەن سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەی ئەلعەرەبییەدا هاتووە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینی دامەزرا. ئەم حیزبە لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییە و چەندین جار لەگەڵ رێژیمی ئێران چووەتە فازی شەڕی چەکدارییەوە. لە ئێستا، رێبەری حیزبەکە، مستەفا هیجرییە.