کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی تێرۆریستی ١١٦ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە بەحرەین دەسبەسەر کران

14:14 - 13 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی بەحرەین، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاند، لە عەمەلیاتێکدا توانیویانە چەندین پیلانی تێرۆریستی کە لە ئێران داڕێژراون پووچەڵ بکەنەوە و ١١٦ تێرۆریستی سەر بەو ڕێژیمە دەسبەسەر بکەن.

وەزارەتی بەحرەین لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بەرەنگاریی لەگەڵ تێرۆریزم و پاراستنی ئەمنییەتی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆی، دەزگا ئەمنییەتییەکان توانیان پێش بە ئەنجامی چەندین کاری تێرۆریستی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بگرن و ١١٦ کەس لەو پێوەندییەدا دەسبەسەربکەن.

لەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی بەحرەیندا هاتووە، کە ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە عێراق و سووریە و ئێران، بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی وەک: دانانی بۆمب، تێرۆر، هێرشی چەکداری و چۆنیەتی دروست کردنی ماددەی تەقینەوە دەورەیان بینیوە.

ئەم گرووپە تێرۆریستییە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دامەزراوە و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی ماڵییان بووە. ئامانجی ئەم گرووپە بەرپرسانی پلە بەرزی وڵاتی بەحرەین بووە.