کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرجی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکی

20:39 - 13 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لەنێوچوونی هەموو مووشەکە کورتمەودا و دوورمەوداکانی ئامریکا و ئورووپای بە تەنیا مەرجی وڵاتەکەی بۆ دانیشتن و وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکی ناو بردووە.

مەسعود جەزایری، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، داواکاریی بەرپرسانی ئامریکایی و ئورووپایی بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکییەکانی ئێرانی بە خەون و خەیاڵ زانیوە.

دانڵد ترامپ بەرنامەی مووشەکی ڕێژیمی ئێرانی بە لەمپەڕێکی گەورە لە بەردەم بەردەوامی وڵاتەکەی لەسەر ڕێکەوتنی بەرجام دەزانێت و داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە، هەتا گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران بە مەبەستی سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی ئەو ڕێژیمە زیاتر بکەنەوە.

لە بەرانبەر ئەو هەوڵە جیهانیانەدا عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری نێونەتەوەیی، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەشەممە ڕایگەیاندووە: هیچ وڵاتێک ناتوانێت بۆ ئێمە ڕێوشوێن دیاری بکات.

بڕیارە کە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممە ژان ئەیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە بچێتە تاران، ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە لە دانیشتنەکانیدا باس لە نیگەرانی وڵاتەکەی بە نیسبەت مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، ڕێژیمی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە لە بڕیارنامەی ٢٢١٦ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت یەمەن پێشێلکاری کردووە و مووشەکە بالستیکییە سازکراوەکانی ئەو وڵاتە کە لە لایەن میلیشیاکانی حووسی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانەوە بەکار دەبرێن، ئەمنییەت و تەناهی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان خستووەتە مەترسییەوە.