کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەری نەورۆزدا جارێکی دیکە نرخی شتومەک لە ئێران زیادی کرد

20:42 - 13 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، نرخی شتومەک لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای گەرانیی بەرچاو و بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی ئێران، هاتنی جێژنی نەورۆز، بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی چەند قاتی نرخی شتومەکی خواردەمەنی و کارەبایی.

کەرەستەی ماڵ و موبایل لەو کاڵایانەن کە لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوودا، لەژێر کاریگەریی دۆلار نرخیان ١٠ هەتا ٢٠% بەربوونەوەی بە خۆوە بینیووە.

یەکێک لەو شتومەکە خۆراکییانە کە نرخەکەی لەم ماوەیەدا دووقات زیادی کردووە برینج بووە کە نرخی فەردەیەکی ١٠ کیلۆیی لە ٥٠ هەزار تمەنەوە بۆ ٧٣ هەتا ٨٠ هەزار تمەن بەرز بووتەوە و هەروەها هەر فەردەیەکی ١٠ کیلۆ ییبرینجی پاکستانی لە ٥٨ هەزار بۆ ٧٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

هێلکە یەکێکی دیکە لەو شتومەکانە بووە کە جارێکی دیکە نرخەکەی بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیووە و نرخی هەر ١ کیلۆ هێلکە هەنوکە لە بازاڕەکانی ئێران ٩ هەراز تمەنە.

گۆشتی سووریش لە هێندێک لە شارەکانی ئێران ٤ هەتا ٦ هەزار تمەن لە چاوی مانگی ڕابردوو و لە نزیکبوونەوەی نەورۆزدا زیادی کردووە.

قیمەتی گۆشتی سوور لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا ٦٤ لە سەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

هەموو ساڵێک بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرەبەری جێژن و بۆنە ئایینی و غەیرە ئایینییەکاندا بەڵێنی پێشگرتن بە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکی خواردن بە خەڵک دەدەن، بەڵام بەپێی خودی ئامارەکانی ڕێژیم، بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکان لەم بارەیەوە سەرکەوتوو نەبوونە.