کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی \"رادیکاڵ پۆرتاڵ\" ڕاپۆرتێکی لەسەر شەهید سەباح ڕەحمانی بڵاو کردەوە

14:01 - 14 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: پرسی تەقاندنەوەی ماشینی هاوڕێ سەلاح ڕەحمانی و شەهید بوونی کاک سەباح لە ڕۆژنامەیەکی ئۆرووپاییدا ڕووماڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ دوابەدوای ڕووماڵ کردنی هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەهۆی کردەوەیەکی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر لە چەندین ڕاگەیاندنی بەناوبانگی جیهانی، ڕۆژنامەی رادیکال پۆرتاڵی نۆروێژیش ڕاپۆرتێکی لەمبارەوە بڵاو کردەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای باس کردن لە هەواڵی ئاماژەبۆکراو، بە پشت بەستن بە زانیارییە بڵاوکراوەکان لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکرات بەشێک لە لێدوانەکانی باوکی شەهید سەباح و هەروەها وتەکانی جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزب ڕووماڵ کراوە.

نووسەر لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی کردووە و وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی پێشتریش چ لە کوردستانی باشوور و چ لە نێو جەرگەی ئۆرووپا کردەوەی تێرۆریستی لەم چەشنەی ئەنجام داوە کە بەرچاوترینیان تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندییە.

سەننار ئەرەسزادە لە ڕاپۆرتەکەیدا هەروەها پڕژاوەتە سەر هەڕەشە و گوڕەشەی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان، حسەین سەلامی بۆ سەر چالاکان و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە گووتبووی لە قووڵایی خاکی کوردستانی باشووردا لێیان دەدەین؛ هەروەها باس لە ئەگەری ڕوودانەوەی حاڵەتی هاوشێوەی تێرۆری کاک سەباح ڕەحمانی کراوە.