کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری وەزیری دەرەوەی فەڕانسە بە ڕێژیمی ئێران، پێش سەفەر کردنی بۆ ئەو وڵاتە

14:32 - 14 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، پێش سەفەر بۆ ئێران، هۆشداری داوە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران درێژە بە بەرنامە مووشەکییەکانی بدات، لەگەڵ گەمارۆی زیاتر بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ژان ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بۆ وتووێژ لەسەر بەرنامەی مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە بووەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و دژی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانە، گەیشتۆتە تاران.

وڵاتی فەڕانسە، یەکەم وڵاتی ئورووپاییە کە دوای هەڕەشەکانی ترامپ بۆ چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دادەنیشێت، پێشتریش ئەم وڵاتە لەسەر پرسی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت بەرنامە مووشەکییەکان، جەختی لەسەر دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەبوو.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی ڕایانگەیاندووە، کە لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان، لەگەڵ هیچ وڵاتێک دانانیشن و بەرنامە مووشەکییەکان، هێڵی سووری ڕێژیمی ئێرانن و بۆ پاراستنی سنوورەکانیان کەڵکیان لێ وەردەگرن، لە حاڵێکدا کە بە دژی ڕێککەوتننامەی شۆرای ئەمنییەت و ئەو مووشەکانەی کە هەزاران کیلۆمیتر مەودای هاویشتنیانە، کاراییان زۆرتر لە پاراستنی سنوور دەبێت.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەسەر قسەکانی لۆدریان و سەفەرەکەی بۆ ئێران ڕایگەیاندووە، کە بە فەڕانسەوەییەکان دەڵێین: کە لە بارەی ئێران لە تەوەهۆم و هەڵەدان و ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی خۆی تێچووی زۆری داوە و پێویست بکات، تێچووی زۆرتریش دەدات.

یەکێک لە خاڵەکانی دیکە کە وەزیری دەرەوەی فەڕانسە بۆ وتووێژ دیاری کردووە، لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، کێشەی سووریە و گرفتەکانی ناوچەکە و دەوری ڕێژیمی ئێران لەو پرسانەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەمانوئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕانسە، ڕۆژی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، داوای لە ئەو ڕێژیمە کردووە، دەبێت کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکان لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی سووریە بێنن و گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئەسەد کە دەست لە کۆشتنی خەڵکی سێڤیل هەڵبگرێت.