کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوان دێگەڵە و ماڵپەڕی پەیامنێر دا

15:36 - 14 رەشەمه 2717

فواد خاکی بەیگی

لەماوەی رابردوودا لە دوو ئاراستەی جیاواز و بەشێوەیەکی سیستماتیک و ئاگاهانە هێرشی ناڕەوا و بێ بنەما کرایە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەوڵ دەدەین لەم کورتە باسەدا ئامانجی ئەم هەوڵە بەشێوەیەکی لۆژیکی بخەینە بەر سەرنج و تێڕامان.

هەوڵی یەکەم لە رووداوەکانی بازگەی دێگەڵەوە دەستی پێکرد و حیزبی دێموکرات تۆمەتی ئەوەی خرا پاڵ کە سەربە پارتی دێموکراتە و بەوە تاوانبار کرا کە گوایە تەقەی لەو کەسانە کردووە کە هەوڵیان داوە بە رواڵەت بچن بۆ عەفرین.

هەوڵی دووهەم، حیزبی دێموکراتی کردە داردەستی یەکیەتیی نیشتمانی و بەوە تاوانبار کرا کە بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری لە بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی لە راستای سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بجووڵێتەوە. سەیر ئەوەیە رووداوی یەکەم بەناو تەڤگەری ئازاد لە سلێمانییەوە ئاراستەی دەکرد و رووداوی دووهەم ماڵپەری پەیامنێر لە هەولێرە بڵاوی کردەوە کە هەردووکیان لە لایەن دەزگا فەرمییەکانی حیزبی دێموکراتەوە بە شێوەی ئاشکرا رەد کرانەوە و هەر دووک لایەنی بڵاوکەرەوەی هەواڵ، وێرای ئەوەی جەختیان کردۆتەوە بەڵگە و دیکۆمێنتیان لایە تەنانەت پاش رەدکردنەوەی هەواڵەکانیان و وەدرۆخستنەوەیان، نەک زمانیان لاڵ بووە، بگرە خەونەکانیشیان بۆتە بڵقی سەرئاو.

راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە حیزبی دێموکرات نەک سەر بە هیچ کەس نەبووە و نییە، بگرە کەسی زۆر کەس و لایەنیش بووە، تاقە حیزبی کوردییە کە شەرم لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازی ناکات، لەبەر ئەوەی تاقە خاڵێکی رەش لەو مێژووەدا نییە.

گەر دەتانهەوێ حیزبی دێموکرات بناسن، ئەو رۆژە بێننە پێش چاوی خۆتان لە کاتی خەبات دژی ئێمپریالیزم هێرش بۆ سەر سەفارەتی ئامریکای لە تاران مەحکووم کرد، کە هەڵویستی وا لە بەرەی ئێمپریالیزم و دژەکانیشی نەبینرا.

دەتانهەوێ گەر چاوتان بەرایی دا، کە قامەتی بەرزی دێموکرات ببین ئاوڕێک لە پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبی بەعس بدەنەوە و ئاشکرابوونی فایلەکان پاش رووخانی ئەو رێژیمە و دەقی قسەکانی بەرێز د.مەحموود عوسمان لە کۆڕی کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ساڵی ۲٠٠۳ کردی و رووبە هەمووان رایگەیاند کە شانازی بە حیزبەکەتانەوە بکەن، کە وێڕای هەوڵی کۆماری ئیسلامی و خەرج کردنی پارەیەکی زۆر، نەک فایلێکی نێگەتیڤ لە حدکا نەبینرا، بگرە زۆر فایلی پۆزەتیڤ بینراون لە راگرتنی ئەخلاق لە سیاسەت و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی.

کاتێک هەڵوێستی نیشتمانی حدکا، هەست پێدەکەن کە زەحمەت وەبەر خۆتان بدەن و یادداشتەکانی د.کەماڵ مەزهەر بخوێننەوە کە لە فەزای پڕ لە ترس و تۆقاندنی ئەو کاتی بەعسدا، چلۆن رێبەرانی دێموکرات، نوسراو و نامە نهێنیەکانی کوردانی بەغدای دەگەیاندە زۆنی زەرد و سەوز.

هەڵوێستی حدکا لە کاتی رووداوەکانی جێگای داخ و پڕ لە برینی شەڕی ناوخۆ، نیشتمانییانە هەست پێدەکەن کە پێشمەرگەی یەکیەتی و پارتی لە مەقەڕەکانی دێموکرات هەستیان بە ئۆقرەیی و ئارامی دەکرد، کاتێ گەورەیی حیزبی دێموکرات هەست پێدەکەن کە یەکەم حیزبی کوردی بوو، هێرش بۆ سەر عەفرینی مەحکووم کرد و ئامادەی هەرچەشنە هاوکاری و قوربانیدانێک بوو لە خانەقین تا مەخموور لە شەڕ دژ بە داعش.

بەدەر لەوەی دەسەڵاتە ئیداری و سیاسییەکانی هەولێر و سلێمانی چەندە ئاگاداری ئەم پڕوپاگەندانەن، روون و ئاشکرایە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر حیزبی دێموکرات وەک هەڵگەڕانی مێروولە بە کێوی قافدایە.

حیزبی دێموکرات خەباتی نوێی خۆی دەستپێکردووە و راسانی رۆژهەڵات بۆتە هێمای خۆڕاگری و بەرخودان، ١٦مین کۆنگرەی خۆی سەرکەوتووانە گرێدا، سیستمێکی نوێی کاری رێکخراوەیی هێنایە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و کورد و تاپۆی زۆر نەریتی چەقبەستووی شکاند.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاری خۆی دەکا و ئەم جۆرە هەوڵە نەزۆکانە، هەنگاوەکانی پێ شل ناکات و لە راستەڕێی خەبات بۆ ئازادی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بە بڕشتەوە هەنگاو هەڵدەگرێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.