کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی پێشنیاریی ئامانج و پێڕەوی ناوخۆی ناوەندی هاوکاری خرایە بەر باس

14:11 - 15 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: له چوارەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران گەڵاڵەی پێشنیاریی ئامانج و پێڕەوی ناوخۆی ناوەندی هاوکاری خرایە بەر باس.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران چوارامین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی محەممەدنەزیف قادری بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەشداربوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە، هاوڕێیانی کۆمەڵەی شۆڕشگێر کە بەرپرسی دەورەیی ناوەند بوون، ڕاپۆرتێکان لە سەر فاسیلەی نێوان دوو کۆبوونەوە، کار و بەرنامەکان پێشکەش کرد.

دواتر بەرنامەی کاریی چوارەم کۆبوونەوە کەوتە بەرباس.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە ماوەی کاریی کۆبوونەوەدا لە سەر هەر کام لە تەوەرەکان ڕوانگەی خۆیان باس کرد و جەخت لە سەر کاری هاوبەش و بەردەوام و هەڵوێستی هاوبەش کرا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گەڵاڵەی پێشنیاریی ئامانج و پێڕەوی ناوخۆی ناوەند کەوتە بە رباس بۆ ئەوەی لایەنەکانی بەشداری ناوەند، تا پیکهاتنی بەرە یان ئیئتلافێک بەو ئایننامەیە کار بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بەشداری دانیشتنەکە بوو و باسێکی سیاسیی لە سەر دۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی ناوچەکە پێشکەش کرد.

لە بەشێکی ئەو کۆبوونەوەدا، محەممەدنەزیف قادری، ڕاپۆرتێکی لە سەر ۱٦مین کۆنگرەی حیزبی دێموکرات، کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد و بە تایبەت لە سەر راپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی و هەروەها گەڵاڵەی ئاڵوگۆڕ لە ساختار و پێکهاتەی حیزب و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان قسەی کرد.

لە کۆتایی کاری کۆبوونەوەکەدا مکانیزمی پێویست و بەرچاوڕوونی نیسبەت بە کار و تێکۆشانی ئەم مانگە دار و ڕێوشوێنی پێویستیش دیاری کرا.