کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تارمایی کۆماری ئیسلامی بەسەر ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست

20:27 - 15 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: میلیشیا و گرووپە توندئاژۆکانی دامەزراوی دەستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشە و قەیرانەکانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستن.

ڕێژیمی ئێران بە درێژایی چەندین ساڵ، تۆڕێکی بەرینی لە لایەنگران و گرووپە شێعە توندڕەوەکان لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، پاکستان، یەمەن، بەحرەین و لوبنان دامەزراندووە و پاڵپشتی ماڵی و چەکوچۆڵی سەربازییان دەکات.

بەپێی دوایین لیکۆڵینەوەی ناوەندی بەرگری لە دێمۆکراسییەکان، زۆربەی ئەو لایەنانە بە هۆی ئەنجامدانی کردەوەگەلێک وەک تێرۆری سیاسەتمەداران، ئازار و کوشتنی سوونییەکان، کوشتنی بەکۆمەڵ، سەربڕین و بەزیندوویی سووتاندنی دیلەکان، گرێدراوی بە گرووپەکانی دیکە و بەتایبەت گوێڕایەڵی بە سپای قودس و قاسم سولەیمانی و عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و.....، لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان جێ دەگرن و دەکرێ بەپێی ئەو پێوەرانە وەک تێرۆریست بناسێندرێن.

ئەو گرووپانە ئەگەرچی هەر کامەیان بە ئامانجێکی تایبەتی دامەزراون و کاری جیاوازیان هەیە، بەڵام گرێدراوی و گوێڕایەڵیان بە سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانەوە خاڵی هاوبەشی هەموویانە، کە بریتین لە:

١ـ حیزبوڵڵای لوبنان: یەکەمین گرووپی شێعە، کە کاتی خۆی لە دەفتەری عەلی‏ئەکبەر موحتەشەمپوور، باڵوێزی ئەوکاتی ئێران لە دمشق دروست کرا، ئەو گرووپە وەک جێبەجێکاری سەرەکیی بڕیارەکان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵی هەیە و شوێن پێی لە چالاکییە تێرۆریستییەکان هەر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا فەڕانسە و ئارژانتین دیارە.

٢ـ عەسائب ئەهل حەق: ئەم گرووپە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی چالاکییەکانی خۆی بە فەرماندەیی قەیس خەزعەلی لە عێراق دەست پێ کرد و لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراقدا توانی یەکێک لە ڕێبەرانی خۆی بە ناوی حەسەن سالم بنێرێتە مەجلیسی ئەو وڵاتە، ئەم گرووپە بە یەکێک لە گرووپەکانی پێکهێنەری حەشدی شەعبی عێراق لەقەڵەم دەدرێت و چالاکییەکانی لە بەغداد، باشوور و نێوەڕاستی عێراق و هەروەها لەم دواییانە ناوچەکانی حەڵەب لە سووریە دەبن.

٣ـ سپای بەدر: ئەم گرووپە لە میلیشیا شێعە عێراقییەکان، ساڵی ١٩٨٢ی زایینی، لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە تاران لە لایەن محەممەد هاشمی شاهڕودییەوە دامەزرا و ئێستە نزیک بە ٢٠ هەزار چەکداری هەیە، کە فەرماندەیان بە دەست هادی فەرحان عەبدوڵڵا عامری ناسراو بە هادی عامرییە.

٤ـ لەشکری فاتمیوون: ئەم هێزە لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران، بە فەرماندەیی عەلیڕەزا تەوەسۆلی پێک هاتووە، کە باس لەوە دەکرێ تا ئێستا ١٢ تا ١٤ هەزار پەنابەری ئەفغانی بە بەڵێنی وەرگرتنی ناسنامەی ئێرانەوە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە فریو دراون و لەو رێکخراوەدا ڕێک خراون و بۆ شەڕی سووریە و عێراق بۆ ئەو وڵاتانە بەڕێ کراون، ئەم ڕێکخراوەیە بە تەواوەتی لەژێر بڕیاری سپای قودسدایە و دەکرێت وەکوو شاخەی ئەفغانستانی سپای قودس بناسێنرێت.

٥ـ حیزبوڵڵای نەجبا: میلیشیای عێراقی لەژێر فەرماندەیی ئەکرەم ئەلکەعبی، کە بۆ خۆی ١٥٠٠ کەسی بۆ شەڕ لە ناوچەکانی حۆمس، حەڵەب و دێرەلزوور لە سووریە بردۆتە ئەو وڵاتە.

٦ـ کەتائب حیزبوڵڵا: جەماڵ جەعفەر ئیبراهیم بە ناوی ئەبوو مەهدی موهەندیس، ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی، ئەو گرووپەی دامەزراند، ئەگەرچی چەکدارەکانی بە ٢٠٠٠ کەس ناگات، بەڵام بە هۆی شەڕی نێوخۆیی عێراقدا توانی دەست بەسەر ڕێژەیەکی زۆر تانک و زریپۆشی ئامریکایی بگرێت، بۆیە بووەتە خاوەن هێزێکی سەربازیی زۆر.

٧ـ کەتائیبی ئیمام عەلی: باڵی سەربازیی حەرەکەتی ئیسلامیی عێراق، کە ساڵی ٢٠١٤ زایینی، لە لایەن شەبل ئەلزەیدی و بە بڕیاری ئایەتوڵڵا سیستانی دامەزرا، ئەیووب ڕەبیع ناسراو بە ئەبوو ئیزرائیل یەکێک لە فەرماندەکانی ئەم هێزەیە، کە بە هۆی دڵڕەقی و ئازار و ئەشکەنجەدانی بێبەزەییانەی خەڵک و بەزیندوویی سووتاندنی دەسبەسەرکراوان بەناوبانگە.

٨ـ لەوای باقر: یەکەمین گرووپ لە میلیشیا شێعەکانی سووریە، کە لە لایەن سپای قودسی ئێرانەوە دامەزرا، نزیک بە ٣٠٠٠ کەس ئەندامی هەیە، کە زۆربەیان لە لایەن سپای پاسداران و لە ئێراندا ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و ئامادە دەکرێن.

٩ـ لەوای سەیدەڕوقییە: ئەم گرووپە کەمتر لە ٥٠٠ ئەندامی هەیە و لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، لە ناوچەکانی دمشق چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کردووە و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرماندەیی هێزی سپای قودسی ئێرانە.
١٠ـ لەشکەری ئیمام زەمان: ئەم گرووپەش ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، لە میلیشیا سوورییەکانی لایەنگری سپای قودس دروست کراوە و لە لایەن حەمزە حەیدەرەوە فەرماندەیی دەکرین.

١١ـ لەشکەری زەینەبیوون: ئەم هێزە وەکوو شاخەی پاکستانیی سپای قودس بە ئەژمار دێت، نزیک بە ٢٠٠٠ چەکداری هەیە و هەموو چەکدارەکانی پاکستانین و فەرماندەی ئەو هێزە، کەسێکە بە ناوی سەید عەباس.

دامەزراندن و پاڵپشتیی ماڵی و چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران، لەو گرووپ و چەکدارە تێرۆریستانە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێرانن، کە بوونەتە هۆی داڕمانی پێکهاتەی ئابووری ئەو وڵاتە و بەتاڵبوونی بانک و سەندووقە پاشکەوتەکان، هەروەها هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانن، کەچی دیکە ناتوانن لە بەرانبەر ئەو سیاسەتە نامرۆڤانە و شەڕخوازانەی سپای پاسداراندا بێدەنگ بن.

وا پێدەچێت کە لە درێژەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران، بە مەبەستی وازهێنانی لە کارە تێکدەرانەکانی و کشانەوەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو گرووپ و لایەنانەی سەر بە سپای پاسداران بخرێنە لیستەی تیرۆرەوە و چالاکییەکانیان قەدەغە بکرێت، کە ئەوە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی بەهێز بێت، لە پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەقامگیر بوونی ئەو وڵاتانە.

ئامادەکار: نەوید کەرەمی