کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاچاخی ئەندامانی لەشی منداڵان لە ئێران

14:07 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: دیاردەی دزێوی دزین و قاچاخ و فرۆشتنی منداڵان و لێکەندنەوەی ئەندامانی لەشیان لە ئێراندا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە.

ڕۆژنامەی بهار لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەرمی بێ گیانی چەندین منداڵ لە تاران و دەوروبەری دۆزراونەتەوە کە گورچیلە و چاویان نەبووە و قاچاخچییەکان لێیان کەندوونەتەوە.

سەبارەت بەم پرسە، بهار لە زاری محەممەدعەلی پوویەندە، ئەندامی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیس ئاشکرای کردووە لە ئێستادا هیچ یاسایەکی ڕوون، کە بتوانێ ڕێگری بکات لە فرۆشتن، بە کرێدان و قاچاخی منداڵان، بوونی نییە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، زۆربەی قوربانییان کچانی تەمەن ١٤ تاکوو ٢٥ ساڵن کە لەبواری ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە تووشی کێشەی گەورە بوون؛ زۆربەی قوربانییەکان سەر بە چینە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگان کە لە بواری خوێندەواری، لە ئاستێکی نزمدان.

هەر لەمبارەوە فاتمە دانشوەر، ئەندامی شۆرای شاری تاران بە هەواڵدەریی حکوومەتی فارسی وتووە: قاچاخی منداڵان و فرۆشتنی ئەندامانی لەشیان پرسێکە کە دەبێ بە جیددی بەدواداچوونی بۆ بکرێت؛ پرسێک کە پۆلیسی ئاگاهی تاران ڕەدی کردۆتەوە و وتوویەتی: ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە!

چالاکانی مافی منداڵان و چاودێرانی کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئێران پێیان وایە هۆکاری بنچینەیی ڕوودان و سەرهەڵدانی دیاردەگەلی وەک کوشتن و قاچاخی ئەندامانی لەشی منداڵان، بۆ هەژاری هەوسارپچڕاو، نەبوونی و بێدەرەتانی، ئێعتیاد، نەبوونی یاسا بۆ پشتگیری لە منداڵان و بەپێچەوانەوە بوونی یاسا دژ بە مافی منداڵان و چەندین هۆکاری دیکە دەگەڕێتەوە کە لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام زیاد دەبێت.