کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری بێکاریی دەرچووانی زانکۆکان ڕووی لە هەڵکشانە

14:38 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە ئێراندا ١٠٠ هەزار کەس لە دەرچووانی پلەی دوکتورا بێکارن.

بەپێی نوێترین ئامار کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمە، لە لایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە، لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ئاماری بێکاری ٣.٦ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ماوەیەک پێش، ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی بێکارانی لە ٩ مانگی ڕابردوودا بە ١١.٩ لەسەدی خەمڵاندبوو، کە بەرز بوونەوەی ٣ لەسەدی ئاماری بێکارانی بۆ وەرزی هاوین گەڕاندبووەوە.

ئەم ئامارە نیشاندەری ئەوەیە، کە ئاماری بێکارانی ئەمساڵ نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەس زیادی کردووە.

هەر لەم بارەوە مەسعوود شەفیعی، کە بە بەرپرسی کۆمەڵەی ئێرانییەکانی پێشخەری پەیوەندیی پیشە و زانکۆ ناو دەبرێت، باسی لە بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاری خوێندکارانی زانکۆ کردووە و وتوویەتی: ١٠٠ هەزار کەس بە پلەی دوکتوراوە لە ئێراندا بێکارن.

ماوەیەک پێشتریش وەزیری کاری ڕێژیمی ئێران، وتبووی: لە ساڵی داهاتوودا ٥ میلیۆن دەرچووی زانکۆکان دێنە ناو بازاڕی کارەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی زانستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئاماری بێکاری دەرچووانی زانکۆ نزیکەی ١٩ لەسەدە، ئەم ئامارە بۆ ژنان نزیکەی دوو قاتی ڕێژەی بێکارانی پیاو مەزەندە دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بڵاو کرایەوە، پلەی وڵاتی ئێران، لە بواری بێکاریدا لە جیهان، لە ماوەی ساڵانی ٩٢ هەتا ٩٥ی هەتاوی، ١٠ پلە دابەزیوە و ئێستە ئەو وڵاتە پلەی ١٩ی بێکاری لە ئاستی جیهاندا هەیە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پلەی وڵاتی ئێران لە ٢٩ـەوە گەیشتووەتە ١٩، کە ئەوەش بە مانای خراپتر بوونی دۆخی بێکارییە.

دۆخی بێکاری لە ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، خراپتر بووە و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئێران لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.