کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لە سوئێد

15:46 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لە سوئێد، پەیامێکی هاوخەمییان بە بۆنەی تێرۆری سەباح ڕەحمانی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

دەبێت ڕێژیمی ئێران دەست لە تێرۆر و ئیعدامی کوردان هەڵبگرێت
لە ڕۆژی ١ی ئاداری ٢٠١٨دا، سەلاح ڕەحمانی کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەباحی کوڕی لە هەولێری پێتەختی باشووری کوردستان، بە هۆی بۆمبێک کە بە ماشێنەکەیانەوە لکێندرابوو و تەقیبووە، هەردووکیان بە سەختی بریندار ببوون، کە بەداخەوە سەباح بە هۆی سەختیی برینەکانی گیانی بەخشی و چووە نێو کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.

حیزبی دێمۆکرات لە ڕاگەیندراوەکانیدا قامکی تاوانی بۆ لای ڕێژیمی ئێران درێژ دەکا و دەڵێت: ئەگەر ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە ڕێژیمی ئێران نەبێ، هیچ دوژمنێکی دیکە شک نابەین. چوونکە ڕێژیم لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئەو مێتۆدانەی بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانی بە دژی کادر و ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات بەکار هێناوە.

ئێمە وەک کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لە سوئێد، هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، بە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی بە دژی حیزبی دێمۆکرات و باقی ڕێکخراوە کوردستانییەکان مەحکووم و ڕیسوا دەکەین و لەو باوەڕەش داین، کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تێرۆر و ئیعدامی کوردان چارەسەر ناکرێ.

بەکارهێنانی توندوتیژی بە دژی دۆزی نەتەوەی کورد کێشە و گرفتەکان قووڵتر و ئاڵۆزتر دەکات و باشترین چارەسەر ناسینی هەموو مافەکانی نەتەوەی کوردە و دەبێ ڕێژیمی ئێران دەست لە کردەوەی تێرۆریستی و ئیعدامی کوردان هەڵبگرێت.

سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهید سەباح ڕەحمانی و جێگەی بەهەشتی بەرین و ڕۆحی شاد بێ و هیوا چاکبوونەوە و سڵامەتی بۆ سەلاح ڕەحمانی دەخوازین و بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ڕەحمانی و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەین.