کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆی ئازاد

15:55 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: زانکۆی ئازاد دەیەوێ ٥٠٠ کەس لە مامۆستایانی ئەم زانکۆیە دەر بکات.

شەهلا کازمیپوور، یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی ئازاد وتوویەتی: کە بەڕێوەبەری ئەم زانکۆیە بە هۆی کەمبوونی خوێندکار لەو زانکۆیە و زۆربوونی مامۆستاکان، بەشیک لە مامۆستاکان دەر دەکات.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە چەند کەسێک لە مامۆستایانی زانکۆی ئازاد، وەکوو باقر ساروخانی و سادق زیباکەلام، لەو زانکۆیە دەرکراون و مامۆستاکان باسیان لەوە کردووە، کە بەڕێوەبەری زانکۆ لیستەیەکی ٥٠٠ کەسی لە مامۆستاکانی ئەو زانکۆیەی بۆ دەرکردن ئامادە کردووە.

ئەو مامۆستایانە لەو باوەڕەدان، کە بەرپرسانی زانکۆی ئازاد دەیانەوێت، ئەو مامۆستایانەی کە لە چوارچێوەی هێڵی فکری ئەو زانکۆیە نین، لە سەر کار لابرێن و مامۆستای هاوبیری خۆیان وەربگرن و شێوازی کاری ئەو زانکۆیە بگۆڕن.

پێشتریش عەلی‌ئەکبەر ولایەتی، بەرپرسی هەیئەت ئومەنای زانکۆی ئازادی ئیسلامی، ڕایگەیاندبوو، کە ڕێگە نادەین بەو مامۆستایانە کە بە شێوەی نائیسلامی بێنە نێو زانکۆ و چالاکی بە دژی ئیسلام بکەن و دەبێت وانەوتنی مامۆستاکان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی نیزام بێت.

ڕێژیمی ئێران جیا لە داخرانی فەزای سیاسی لە زانکۆەکان و گوشارهێنان بۆ سەر خوێندکاران، لە هەوڵی ئەوەدایە، کە بە خانەنشینکردنی زۆرەملێ و دەرکردنی ئەو مامۆستایانەی کە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم چالاکی ناکەن، زۆرتر دەست بەسەر زانکۆەکاندا بگرێت.