کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئیپک هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران

16:04 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە بە مەبەستی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئیپک بۆ ئامریکا سەفەری کردووە، لە قسەکانیدا سیاسەتە پاوانخوازانەکانی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نێتانیاهوو، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئیپک باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران، بەتەمایە لە سووریە بنکە نیزامیی هەتایی و کارخانەی چەکی پێشکەوتوو ساز بکات، ناوبراوی لەسەر ئەوەش پێداگری کردووە، کە دەبێت پێش بە ڕێژیمی ئێران بگیرێت و ئەو کارەش دەکەین.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەو کۆبوونەوەدا، لەسەر نەخشە ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیمی ئێران دەستی بەسەردا گرتوون، بە ڕەنگی ڕەش کە هێمای دەسەڵاتی تاریکی ڕێژیمی ئێرانە دیاری کردبووە و ڕایگەیاندووە، کە ئەو ڕێژیمە دەیەوێت، ڕێڕەوێک لە تارانەوە هەتا تەرتووس لە قەراغەکانی مەدیتەرانە ڕابکێشێت.

ناوبراو هەروەها دژایەتی خۆی لەگەڵ ڕێککەوتننامەی بەرجام دەربڕیوە و وتوویەتی: چەندین جار هۆشداریم داوە، کە ڕێژیمی ئێران لەو پێوەندییەدا لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی درۆ دەکات و نابێت باوەڕ بەو ڕێژیمە بکرێت، هەروەها پێشتر وتوومە: پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان کردەوەکانی ڕێژیمی تاران هێرشبەرانەتر دەبێت و لە کۆتاییشدا هەروای لێ هات.