کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و هەشتی مارس

16:56 - 16 رەشەمه 2717

مەهین جلدیانی (هێرۆ)

باس لە هەشتی مارسێک دەکەین کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە باوەڕی بەو ڕۆژە نەبووە، لە کاتێکدا کە لە سەرانسەری جیهاندا یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە. خەڵکی بە گشتی بە شێوەی جۆراوجۆر دێنە سەر شەقام بۆ ئەوەیکە ویست و داخوازییەکانی ژنان دووپات بکەنەوە لە پێناو بە دیهێنانیان دا، هەرچەند لە وڵاتانی ئورووپایی بەرانبەریی ژن و پیاو دانی پێداندراوە بەڵام هێشتاش جیاوازی دەبینرێ لە نێوان ژن و پیاودا.

ئەگەر بێین لەسەر حکومەتی ئێران بدوێین، نەبوونی ئازادی و دادپەروەری لە وڵاتەکەماندا لە لایەک و سیاسەتی نادروستی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە یاسا و ڕێسای نێونەتەوەیی وڵاتانی پێشکەوتوودا لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەریک هێشتۆتەوە. گەمارۆی ئابووری و تەوژمە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، کاریگەری زۆر نالەبار و خەسارهێنەری لە لایەک بۆ سەر رێژیم و لە لایەکی دیکەوە بۆ سەر گەلانی ئێران هەبووە، کە دیاردەی بێکاری و هەژاری و گیروگرفتی کۆمەڵایەتی بە دواوە بووە، هەروەک ژنان بۆ بژێوی رۆژانەیان بە شێوەیەکی بەرچاو دەستفرۆشی لە میترۆکاندا دەکەن و ڕێژەکەی بەردەوام لە زیادبووندایە، هەروەها دیاردەی بێ ماڵ و حاڵی ژنان پەیدابووە کە وایان لێدەکا بە شەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکان بمێننەوە و بەرەوڕووی سەدان گیرو گرفت ببنەوە.

سەڕەرای ئەوانەش دیاردەی کۆڵبەری ژنان لە کوردستاندا ڕۆژ بە رۆژ بەرچاوتر دەبێ. ئەوانە سەرەڕای نەبوونی (ئازادی و دەرەتانی دەربڕینی ناڕەزایەتی) بوونەتە هۆی تەوژمی دووقات لەسەر ڕێگای گەلانی ئێران و گوشاری چەند قات بۆ سەر ژنان، کە بە بوونی ئەو هەموو نابەرابەری و گوشارانەوە، ژنان بە هەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە و دەگونجێت دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و لە بەرامبەر بێکاری و ناعەداڵەتییەکانی رێژیم هەڵوێست دەگرن و خەبات دەکەن.

بەپێی دوایین ڕاگەیاندراوی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان گیر و گرفتی ژنان و دۆخی ژنان لە ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرەو خراپتربوون چووە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەو چاویلکە ڕەشە کە چوار دەیە لەوەو پێش لە چاویان کردبوو، دەرنەهێناوە و بە بێ گرنگیدان بەو هەموو ناڕەزایەتییە و دژایەتی خەڵکی ئێران، درێژەیان بە سیاسەتە کۆنەپەرستانەکەیان داوە.

لەگەڵ ئەو هەموو فشار و توندوتیژییەی رێژیمی دەسەڵاتدار، خەڵک خۆیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و ڕەوتەکان رێکخستووە و چوونەتە پێش، بزووتنەوەکانی خوێندکاری، ژنان و مامۆستایانی قوتابخانە، ڕووناکبیران و زانایانی ئایینی لەو چەند ساڵەی دواییدا سەریان هەڵداوە. ئەم ڕەوتە دوای تێپەڕکردنی چەند قۆناخ دروشمەکانی ڕادیکاڵتر بووە و ئێستا دروشم دژی دیکتاتۆر و ویلایەتی فەقیهی و لابردنی یاسا و ڕێسا کۆنەکانە، هەروەک ئەوساڵ خەڵک لە سەرانسەری ئێران هاتنە سەر شەقام و داوای حەقی ڕەوای خۆیان کرد.

یەکێک لە بزوتنەوە هەرە گرینگەکان کە بە دژی رێژیم لە ئارادایە، بزووتنەوەی جەماوەری ژنانە کە لە ماوەی ئەو چوار دەیەدا پشتی رێژیمی بە لەرزە خستووە و هەر لەبەر ئەوە لەو دوو مانگەدا39 ژن بە تاوانی ئەوەیکە هاتوونە سەر شەقام و داوای لابردنی حیجابی ئیجبارییان کردووە بەندکراون و لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتوون. هەر لەو ماوەیەشدا بڕیارێک درا کە هەر کەسێک حیجاب ڕعایەت نەکات حوکمی یەک ساڵ تا دە ساڵی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام ئەو حوکمانە گۆڕانکاری تێدا دەکرێ بە ویست و داخوازی حکومەتەوە نەک خەڵکی.

سەرەڕای هەموو بەند و ئاستەنگەکانی رێژیم کە بۆ ژنانی پێکهێناوە، خۆڕاگری و کۆڵنەدانی ژنان بە دژی رێژیم رادیکاڵتر بووە و بە هەر بیانوویەک لە هەر جێگا و ڕێگایەک کە دەرەتانیان بۆ بڕەخسێت، دەنگی مافویستی و ئازادیخوازی خۆیان بەرز دەکەنەوە.

لە ماوەی ئەو چوار دەیەدا، هەموو ساڵێک کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن کۆمسیۆنی دیفاع لە مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تاوانبار کراوە، تا ئێستا ٨٧ نموونە سەنگسارکردنی ژنان تۆمار کراوە، لە حاڵێکدا تا ئێستا نزیک بە ١٥٠ کەس لە ژێر سەنگەساردا گیانیان لە دەست داوە.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئایا ئیدی کاتی هەڵوێست گرتن لە بەرابەر ئەو هەموو ناعەداڵەتییە نەهاتووە لە کاتێکدا کە دەبینین تەنها مەحکووم کردن هیچ ئاڵوگۆڕێکی وەهای لە حاڵی گەلانی ئێران نەکردووە؟

هەروەها سەدان کچ بە تاوانی سیاسی، لە سێدارە دراون. ئێستاش لە نێو چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا ژنان و کچانێک هەن کە زیندانی درێژماوە یان حوکمی بە ناحەقی لە سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
ئایا رێژیم بەو هەموو زوڵم و ستەم و توندوتیژییەوە دەتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات؟

مێژوو سەلماندوویەتی کە رێژیمە توتالیتێر و دیکتاتۆرەکان، نەیانتوانیوە لە بەرانبەر هێزی یەکگرتووی کۆمەڵانی خەڵکدا خۆڕاگر بن، بەڵکوو ئەو جۆرە حکومەتانە بەرەو ڕووخان چوون، لەبەرئەوەش هەمان چارەنووس چاوەڕێی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.