کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک تایبەت بە ٨ی مارس بەڕێوەچوو

20:11 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە یەکێک لە بنکەکانی ‌هاوڕێیانی پێشوو سێمینارێکی تایبەت بە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانیان، بەڕێوەبرد.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سیمینارێکی تایبەت بە ٨ی مارسیان، بەڕێوەبرد.

سەرەتای ئەو سێمینارە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی سەرجەم ژنانی تێکۆشەر کە لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافەکانیان گیانیان لە دەست‌داوە دەستی ‌پێکرد.

دواتر پەیامی ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە کە لە بەشێک لەو پەیامە‌دا بە ئاوڕدانەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان و، هەروەها هاتنە مەیدانی ژنانی کورد لە بوارە جیاجیاکاندا، هاتبوو: لە بەفرانباری ئەمساڵدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران ئاخێزێکی جەماوەری لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ‌ئێران دەستی پێکرد، بەشداری ژنان لەنێو خۆپێشاندانەکان و لەوەش گرینگتر نا وتنی چەندین ژنی بوێر بە حیجابی زۆرەملێ لە پێتەختی ئێران، نیشان لە وریایی و پێشەنگ‌بوونی ژنان دەکرد لەو ڕاپەڕینە و بوو بە نەریتێکی گشتی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ژنان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە بڕگەیەکی دیکە، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کاری سیمیناردا و لە دوو پانێلی جیاوازدا سکرتێری گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان چەند وتەیەکیان لەمبارەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پانێلی یەکەم بۆ خاتوو فاتمە عوسمانی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرابوو، کە بەڕێزیان لەو پانێلە‌دا باسی لە ئەسڵی ئازادی لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد.

فاتمە عوسمانی سەرەتا باسی لە شێوەی داڕشتنی یاسا و بەڕێوەبردنی یاسا لە وڵاتانێک کرد کە بە سیستەمی ئایدۆلۆژیکی دوگم بەڕێوە دەچن.

پاشان بە ئاوڕدانەوەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە تا ئێستا، باسی لە هەڵاواردن و دووچاوگی بە نیسبەت مافەکان و هەروەها هەبوونی یاساکانی دژبە ژنانی کرد، لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا.

ناوبراو بە هێنانەوەی نموونە لە وڵاتانی دیکە، هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنانی لە ئێران و کوردستان خستەبەر باس و وتی: چاوگی یاسا لە ئێران، سیستەمی کۆماری ئیسلامییە و هەتا ئەو سیستەمە گۆڕانی بەسەر نەیەت، یاسا دژەمرۆییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

ئەو سیمینارە بە باس کردنی ڕاوبۆچوونی چەند کەس لە بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لە لایەن کۆڕگێڕانەوە کۆتایی پێهات.

شیاوی باسە ناوەندی هاوکاری ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریتین لە:
ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
کۆمەڵەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

border=0
سێمینارێک تایبەت بە ٨ی مارس بەڕێوەچوو

border=0
سێمینارێک تایبەت بە ٨ی مارس بەڕێوەچوو