کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: ڕێژیمی ئێران بەشێک لە سێکوچکەی شەیتانییە

14:35 - 17 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ولیعەهدی عەرەبستان: ڕێژیمی ئێران، تورکیە و گرووپە توندئاژۆوەکانی به سێکوچکەی شەیتانی ناو بردووە.

وەلیعەهدی عەرەبستان، محەممەد بن سەلمان، لە سەفەرێک بۆ میسر، لەسەر ناوچەکە باسی لەوە کردووە، کە تورکیە بەتەمایە ئیمپراتۆری عوسمانی لە ناوچەکە دامەزرێنێت و ڕێژیمی ئێرانیشی بەوە تاوانبار کردووە، کە پاڵپشتی گرووپە تێرۆریستییەکانە و لە وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان دەکات و بە هاوکاریی تورکیە دەستیان بەسەر سووریەدا گرتووە.

محەممەد بن سەلمان، نیگەرانیی خۆی لە هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە دەربڕیوە و باسی لەوە کردووە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی نیزامی و سیاسی ئەو دوو وڵاتە چەندین دانیشتن و پەیوەندیان هەبووە.

عەرەبستان زۆرجار باسی لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە و هۆشداری بەو ڕێژیمە داوە، کە دەست لە پاڵپشتی کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵبگرێت، هەروەها عەرەبستان لە هەوڵدایە کە لە ناوچەکە پاشەکشە بە ڕێژیمی ئێران بکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پرێسکونفڕانسێکدا، کە لەگەڵ بوریس جانسون، وەزیری دەرەوەی بریتانیا هەیبووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو دوو وڵاتە لەسەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێک کەوتوون.

عادل ئەلجوبەیر، بە ئاماژە بە شەڕی یەمەن، وتوویەتی: کە ئەو شەڕە بەسەر عەرەبستاندا سەپا و ڕێژیمی ئێران بە پاڵپشتی کردنی حووسییەکانی یەمەن، دەیەوێت گوشار بخاتە سەر عەرەبستان، بوریس جانسونیش لەسەر قسەکانی وەزیری دەرەوەی عەرەبستان جەختی کردەوە و باسی لە مەترسییەکانی ئەو ڕێژیمە لە یەمەن و ناوچەکە کردووە.

لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕایگەیاندووە، کە لەگەڵ بریتانیا ڕێک کەوتووین، هەتا پێش بە ڕیژیمی ئیران و پاڵپشتییەکانی لە تێرۆریزم بگرین.