کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانەتی دژ بە تیرۆر لە سووریە: بەرگری لە هێزەکانمان دەکەین

14:58 - 17 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی دژ بە تیرۆر بە سەرکردایەتی ئامریکا لە سووریە ڕایگەیاندووە، بەخێرایی لە هەمبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکانمان دژکردەوەمان دەبێت.

بەرپرسانی سەربازیی ئامریکا لە سووریە، بە هەواڵدەریی سی. ئن. ئنـیان ڕاگەیاندووە: هێزەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد لە لێوارەکانی چۆمی فۆرات، نزیک بە هێزەکانی هاوپەیمانان بوونەتەوە، وتەبێژێکی پێنتاگۆن، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، کە هێزە هاوپەیمانەکان بەبێ یەک و دوو بەرەنگاری هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەریان دەبنەوە.

سەرگورد ئادریان ڕانکین گالووی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا ڕایگەیاندووە: هەرچەند پێمان ناخۆشە ڕووبەڕووی هێزەکانی سووریە ببینەوە، بەڵام بۆ بەرگری کردن لە خۆمان بەخێرایی و بەبێ یەک و دوو، بەرپەرچی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەرمان دەدەینەوە.

پشتگیرییە لەڕادەبەدرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە بەشار ئەسەد و بەهێز بوونی پێگەی لە سووریە، ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانی شەڕی سووریەی قووڵتر دەکاتەوە.

سێ سێناتوری پلە بەرزی ئامریکایی، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی سێنای ئامریکادا، ڕەخنەیان لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرتووە و حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ڕیژیمی ئێرانەوە پاڵپشت و یارمەتی هەمەلایەنە دەکرێت، بە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانیان زانیوە.