کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی سپای پاسداران لەسەر بەرهەمهێنانی مووشەک

15:01 - 17 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، ڕایگەیاندووە: کە بەرهەمهێنانی مووشەکمان سێ قاتی کردۆتەوە.

لە کاتێکدا کە وڵاتانی ئورووپایی بەتایبەت فەڕانسە لە هەوڵدان، کە لە ڕێگای دانیشتن و وتووێژ، پرسی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران چارەسەر بکەن و بەرهەمهێنانی مووشەکە بالستیکییەکانی ڕابگرن، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، باسی لەوە کردووە، کە بەرهەمهێنانی مووشەکەکانمان سێ قات کردۆتەوە و نە وتووێژ دەکەن نە ڕایدەگرین.

حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، لە کاتێکدا کە وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، لە سەفەرێکی دوو ڕۆژەدا بۆ تاران لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ڕیژیمی ئیران، لەو وڵاتەدا دانیشتنی هەبووە، باسی لەوە کردووە، کە توانایی بەرگریی ڕێژیمی ئێران زۆر چووەتە سەرەوە و درێژە بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی دەدەین.

حوسێن سەلامی، وڵاتانی ئامریکا، بریتانیا، فەڕانسە و ئیسرائیلی بەوە تاوانبار کردووە، کە ئەو وڵاتانە یاساکان بۆ خۆیان دەنووسن و هەر کاتیکیش بیانەوێت دەیگۆڕن و لە بەرامبەری ئێراندا ناتوانن هیچ غەڵەتێک بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، هەواڵدەرییەکانی فەڕانسە، دوای گەڕانەوەی ژان ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، باسیان لەوە کردووە، کە دانیشتنەکان هیچ ئاکامێکی نەبووە و لۆدریان بە دەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە.