کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەمسەری \"ڕێبازی گونابادی\" لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کراوە

16:00 - 17 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: گەورە و جەمسەری ڕێبازی دەروێشەکانی گونابادی لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کراوە.

نوورعەلی تابەندە، لە پەیامێکی ڤیدئیویدا، کە لە ماڵپەڕی مەجزووبان نوور بڵاو بووەتەوە، هەواڵی زیندانی بوونی خۆی لە ماڵەکەی پشتڕاست کردۆتەوە و باسی لەوە کردووە، کە بارودۆخی ئەو باشە و نیگەرانی مەبن.
هەروەها وتوویەتی: ناتوانم لە ماڵ بێمە دەرەوە، بەڵام لە ماڵەکەی خۆمدا ئازادم.

کۆبوونەوەی دەروێشەکانی ڕێبازی گونابادی لە نزیکی ماڵی نوورعەلی تابەندە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان، بە توندوتیژی کۆتایی پێ هات و چەندین کەسیان لەم دەروێشانە دەسبەسەر کردووە.

لە دوای ئەم گرتنانە، فیلمێک لەم گیراوانە بڵاو بووەوە، کە بە توندی ئەشکەنجە درابوون.

گەورەی ڕێبازی گونابادی چەند جارێک ناچار کراوە، کە فیلم لە بارەی سەڵامەتی بارودۆخی خۆی بڵاو بکاتەوە.

لەم ڕۆژانەی دواییشدا تەیبە ڕاجی، کچی محەممەد ڕاجی لە دەروێشەکانی ڕێبازی گونابادی هەواڵی مردنی باوکی لە زیندان لە کاتی لێكۆڵینەوەدا ڕاگەیاند.