کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەری ٨ی مارس \"ڕۆژی جیهانی ژن\"، ژنانی ئێرانی زیندانی دەکرێن

20:19 - 17 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: دۆزگەری گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری تاران، هەواڵی پەسەند کردنی دوو ساڵ زیندانی بۆ یەکێک لە کچەکانی شەقام ئینقلاب ناڕازییانی خۆداپۆشینی زۆرەملێ، کە شوناسی ئاشکرا نەکراوە، پشتڕاست کردەوە.

لەم پێوەندییەدا دۆزگەری گشتیی ڕێژیم لە شاری تاران، عەباس جەعفەری دەوڵەتاوایی، ڕۆژ چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە (٧ی مارس)، ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانی ژن (٨ی مارس)، لە حەوتەمین کۆبوونەوەی دۆزگەریی تاران، کە لەسەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان گیرابوو، باسی لە نەبوونی داپۆشینی گونجاو و هەڵوێستی پێکهاتەشکێنانەی ژنانی ئێرانی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ خۆداپۆشینی زۆرەملێ کرد و هۆشداری دا، کە لەم بارەوە لەگەڵ تاوانباران بە توندی بەرەوڕوو دەبینەوە.

ناوبراو خۆداپۆشینی بە یەکێک لە بەهاکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی پێناسە کردووە و وتوویەتی: هەڵوێستی ژنان لە هەمبەر خۆداپۆشین بە هۆی پڕوپاگەندەی ڕایەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییە بیانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بووە.

پێشتر غوڵامحوسێن ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیمیش، لەم بارەوە وتبووی: ئەو ژنانەی کە لە هەمبەر خۆداپۆشین، سەرپۆشەکانیان لە سەر شەقامەکان لابردووە، یان ئاگادار نەبوون و پەشیمانیان دەربڕیوە، یان کەسانێک بوون، کە گیرۆدەی ماددە سڕکەرە سەنعەتییەکانیان بوون، هێندێکیشیان لە دەرەوە ڕێنوێنی کرابوون.