کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی تەوارەکانی شاخ بۆ شار

16:01 - 18 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، تەوارەکانی نێو سەنگەر لە شاخ، پەیامێکیان ئاراستەی هاوسەنگەرانییان لە شار کرد.

دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

پەیامێک لە تەوارەکانی سەنگەرەوە بۆ شەقام بە بۆنەی٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان


هەر وەک هەموومان دەزانین و مێژووش سەلماندوویەتی، هەر میللەتێک بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی پێویستییەکی زۆری بە بەشداری تاک بە تاکی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگا و نەتەوە هەیە.

نیشتمانی ئێمە کوردستان، بە درێژایی مێژوو لە لایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرە یەک لە دوای یەکەکان دراوەتە بەر تەوژمی زوڵم و زۆر ونا‌‌حەقی و هەر جارەو بە شێوازێک ئەم نیشتمانەیان کردۆتە شەڕگەی ململانێیەکانی خۆیان و خوێنیان لێ رشتووە، بەرامبەر چالاکییە مافخوازانەکان راوەستاون و بە توانەوەی کلتووری، شەڕ و تێرۆر و گرتن و کوشتن و ئەشکەنجە خەڵکیان بێ‌هیوا کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەک لەو حیزبانەیە کە باوەڕێکی قووڵی بە بەرابەری حەق و مافی دوو رەگەزی ژن و پیاو هەیە و سەلماندوویەتی کە کەرامەتی ئینسانەکان کە کەرامەت و شوناسی ئەم رەگەزەش لە خۆ دەگرێتەوە بۆی لە سەرووی هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانە و گرینگییەکی تایبەتی پێ داوە.

سەرەڕای هەموو ئەو ناحەقییانەی کە باسی لێ کراو ئەو هیوا شکاندنانە، ئەم حیزبە ئازادیخوازە توانی خوێندنەوەیەکی سەردەمییانە بۆ ئەم دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییانە بکات و هیوایەکی نوێ بخاتە دڵی کۆمەڵانی خەڵکەوە کە لەژێر ناوی راسان(گرێدانی خەباتی شاخ و شار) پێناس دەکرێ.

ئەم هیواو ئومێدە تازەیە ئومێدێکیشە بۆ ژنانی خۆرهەڵات کە بگەن بە عەقڵییەتی گۆڕانخوازانە و لە پێناو سەربەستی و رزگاری لەژێر دەستە بوونی زۆرداران خۆیان بخزێننە نێو گۆڕەپانی خەبات و وەکوو شەهید چنوورەکان و فەوزییەکان و ‌‌حەبسەخانەکان، هەم جەنگاوەری ڕێگەی رزگاری نەتەوەیی بن و هەم هەوێنی گەیاندنی ڕەساڵەتی سەرەکی خۆیان ژن بوون.

لێرەدا دووبارەی دەکەینەوە ئێمە دەبێ خوڵقێنەری ڕووداوەکان بین، نەک ڕووداوەکان ئێمە بەدی بێنن، ئێمە دەبێ پێش ڕووداوەکان بکەوین نەک ڕووداوەکان پێش ئێمە بکەون، دەنا کاروانی خەبات دەڕوات و ئێمەیش لە هاوسەفەری ئەو کاروانە بەجێ دەمێنین.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد

سەرکەوێ ڕاسان

دروود بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری سێدارە

پێرۆز بێ ٨ی مارس لە تەواوی ژنان بەتایبەتی تەوارەکانی شاخ و شێرەژنانی سەنگەری نهێنی