کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنووردارکردن و فیلتێرینگی ئینتێرنێت لە ئێران زیادی کردووە

15:06 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ناوەندێکی چالاک لە بیاڤی ئازادییەکانی ئینتێرنێت ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی لە پاش ئێعترازە بەربڵاوەکانی مانگی بەفرانبار، بەشێوازی جۆراوجۆر سەرقاڵی ئازاردانی بەکاربەرانی ئینتێرنێت و سنووردارکردنییەتی.

کارگەی تێکنۆلۆژی ئەسڵی ١٩، کە ماوەی ٥ ساڵە لە بیاڤی ئینتێرنێتدا چالاکی دەکات، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەژێر ناوی سنووردارکردنی ئینتێرنێت، ڕایگەیاندووە: بارودۆخی ئازادی ڕادەربڕین لە فەزای مەجازی لە ئێراندا بەردەوام ڕووی لە کزییە.

دەنگی ئامریکا لە زاری مەهسا عەلیمەردانی یەکێک لە ئەندامانی ئەم ناوەندەوە بڵاوی کردۆتەوە: دوایین لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتەکانی ئێمە دەری دەخات کە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت پاش ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار، گووشارەکانی بۆسەر بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر کردووە و ڕەوتی فیلتێر و سنووردارکردنی ئینتێرنێتیش بەردەوامە.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە هەڕەشە و ترساندن و گرتنی هەواڵنێرانی دنیای مەجازی کراوە و باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێران لە ڕێگەی شنوودی ئانلاینەوە هەوڵی ئازاردانی بەکاربەران دەدات.

لە کاتی ئێعترازە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباردا بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و تێلێگرام لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە فیلتێر کران؛ هەنووکە فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بە یەکێک لە دەسکەوتە گرینگەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی دەژمێردرێ.

ناوی کارگەی تێکنۆلۆژی ئەسڵی ١٩، لە بەندی ١٩ی مەنشوری جیهانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراوە.