کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئاو لە ئیسفەهان، برینداری لێکەوتەوە

15:30 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: جووتیارانی ناوچەی وەرزەنەی ئیسفەهان کە لەسەر گواستنەوەی ئاوی زایندەرود بۆ یەزد، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، لەگەڵ هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەدان کەس لە خەڵکی ناوچەی وەرزەنەی ئیسفەهان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە گواستنەوەی ئاوی زایندەرود بۆ یەزد، لە دەوروبەری دامەزراوەی گواستنەوەی ئاوی زایندەرود، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک هێنا، کە لەگەڵ هێرشی نامرۆڤانەی پۆلیس بەرەوڕوو دەبن.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم بۆ دوورخستنەوەی خەڵک، گازی فرمێسکڕێژیان بە کار هێناوە و تەقەیان لە خەڵک کردووە کە لەئەنجامدا پێنج کەس بریندار بوون و نێردراون بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسفەهان.

خۆپیشاندەران سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕین، هەوڵیان داوە کە هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو لە بنکەی گوندی باقرئاوای ئەو ناوچەیە، لە نێو بەرن؛ بەپێی هەواڵەکان تۆڕی بەرق و ئاوی ناوچەی وەرزەنە تووشی کێشە بووە.

جێگەی ئاماژەیە لە ویدیۆ بڵاو کراوەکاندا، دەردەکەوێ کە خۆپیشاندەران، دروشم بە دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەدەن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن کە ئاوی زایندەروود، بگوازرێتەوە بۆ یەزد.

قەیرانی ئاو لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر دەبێت و بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین خەڵک لە هەمبەر کەم ئاوی و گواستنەوەی ئاو و بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی ئێرانیش لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە هیچ هەنگاوێکی لۆژیکی هەڵناهێننەوە، تەنانەت زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر قەیرانی ئاو ڕایانگەیاندووە کە ئەم کێشەیان بۆ چارەسەر نابێت.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ ناوەندی ئێران دەیانهەوێت کێشەی ئاوی دەشتە بێ‌ئاوەکانی نێوەڕاستی ئێران(ناوچە فارس نشینەکان) چارەسەر بکەن.