کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی ترامپ بۆ سەر ئورووپا لەسەر هاوکاری کردنی ڕێژیمی ئێران

15:58 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا بەهۆی هاوکاری کردنی ڕێژیمی ئێران و بەرجام، گوشاری ئابووری و سیاسی دەخاتە سەر ئوروپا.

دانڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بڕیارێکی نوێی بۆ زیادکردنی ڕێژەی گومروک لەسەر هاوردە کردنی پۆڵا و ئالۆمینیۆم دەرکردووە کە بەهۆیەوە بازرگانەکان دەبێت بۆ هاوردە کردنی ٢٥ لەسەد و بۆ ئالۆمینیۆم ١٠ لەسەد گومروک بدەن.

ئەم بڕیارە لە لە حاڵیکدایە کە ئابووریناسان و سیاسەتڤانان، ئەم یاسا تازەی ترامپ بە شەڕی بازرگانی لە نێوان ئامریکا و وڵاتانی دیکە دەزانن.

کارناسانی سیاسی، ئەم کردەوانەی ترامپ بە هێرشی ئابووری و سیاسی بۆ سەر ئوروپا دەزانن و بە پێی ئامارەکان بازرگانی کردنی وڵاتانی ئوروپایی لەگەڵ ئامریکا چەند قات زۆرترە لە بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران و بەم پێیەش ئامریکا دەیهەوێت لەو ڕێگەیەوە گوشار بهێنێتە سەر ئوروپا بۆ هاتنە دەرەوە لە بەرجام.

لە حاڵێکدا زۆربەی کۆمپانیاکانی ڕێژیمی ئێران گەمارۆ خراوەتە سەریان، وڵاتانی ئوروپایی بە ئاشکرا و شاراوە لەگەڵ چەندین کۆمپانیای ئێرانی پەیوەندی بازرگانیان هەیە و لەسەر بەرجامیش بەردەوامن لە پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە و هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگەی وتووێژەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

جێگەی ئاماژەیە کە دوای سەردانەکەی ژان ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، کە بۆ وتووێژ لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی رێژیمی ئێران و چالاکی ناوکی، سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو و هیچ ئاکامێکی نەبوو، ترامپ گوشارەکان بۆ سەر ئوروپای لەمەڕ هەڵوەشاندنەوە و هاتنە دەرەوە لە بەرجام، زیاد کردووە.

دانڵد ترامپ پێشتر ١٢٠ ڕۆژی دیاری کردبوو بۆ هاتنە دەرەوە لە بەرجام، بەم پێیەش ئەگەر وڵاتانی ئوروپایی لەو ماوەیەدا، کێشەکان چارەسەر نەکەن، ئامریکا بەشیوەی یەکلایەنە لە بەرجام دەکشێتەوە و گوشارەکان بۆ سەر ئوروپا زیاتر دەبێت.