کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٩ مانگدا ٥ هەزار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا بەڕێوە چووە

16:00 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی ئێران زۆر گۆڕاوە و لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵکی زۆر بەرەورڕوو بووینەتەوە.

حوسەینی زولفەقاری، سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی و هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەی گشتی پارێزگاران و بەڕێوەبەرانی سیاسەتی گشتی ڕێژیم، باسی لە خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئێران کردووە کە گشتگیر بووە و بەرەو توند و تێژی چوونە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە هەتا کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز، ٥ هەزار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بێ مۆڵەت لە سەرانسەری ئێراندا بەڕێوە چووە و هۆشداری داوە کە ئەگەر خوێندنەوەی درووست و هەڵوێستمان نەبێت، دەبنە هەڕەشە بۆ سەر چوارچێوەی گشتیی نیزام.

زولفەقاری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران لە مانگی بەفرانبار کردووە و وتوویەتی کە ٨٥ لەسەدی دەسبەسەر کراوان تەمەنیان کەمتر لە ٣٥ سال بووە و هۆکاری سەرەکی دەسپێکردن و درێژە کێشانی ناڕەزایەتییەکان، فەزای مەجازی و میدیاکان بوون، و باسی لەوە کردووە تا درەنگ نەبووە، دەبێ لەگەڵ دونیای مەجازی وەکوو دونیای ڕاستەقینە بەرەوڕوو ببینەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئێرانی، بە پیلانی دوژمنانی ڕێژیمی ئێران زانیوە و بە هەڕەشە لەسەر ئەمنییەتی ڕێژیم ناوی بردووە و لەهەمبەر گۆڕانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێران بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو هۆشداری داوە.

خەڵکی ئێران بە نیسبەت بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە ئێراندا و کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، بە بەردەوامی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە کە لە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا، زۆرترین خۆپیشاندانەکان لە هەموو چینەکان لە مێژووی دەسەڵاتداری ئەو ڕیژیمە هەبووه.

ئەم پرسە بووتە هۆی ترسی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە وەکوو هەمیشە وڵامی داواکارییەکانی خەڵکیان نەداوە و بە سەرکوت و دەسبەسەر کردن، پێشیان بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک گرتووە.