کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بەردەوام بوونی ژیانی هاوبەش لە پارێزگاکانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٥دا

16:03 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لێکۆڵینەوە کارناسییەکان دەرخەری بارودۆخی نالەباری مانەوە و بەردەوام بوونی ژیانی هاوبەش لە پارێزگاکانی ئێراندان.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کارناسانە لەلایەن دەستەی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان (گروە مطالعات اجتماعی شرکت نقش کلنیک) بە شێوەی نێونجی لە ئێراندا ١١٪ی ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە، لێک جودا بوونەتەوە.

پارێزگاکانی ئەردەبیل، ئیلام، خوزستان، هەمەدان، زەنجان، لوڕستان، ورمێ، کرماشان و کوردستان بە تۆمار کردنی سەرووی ١٩٪ی جیابوونەوەکان لە ڕیزی خراپترین و پارێزگاکانی سمنان، خوراسانی باکوور، ئەلبورز، فارس، کرمان، هورموزگان و گیلان بە تۆمار کردنی ٨.٣٪ تا ٥.٦٪ی جیابوونەوە، لە ڕیزی باشترینەکان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدان.

بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیە، لە پارێزگاکانی کوردستاندا (لوڕستان، ورمێ، کرماشان، سنە و ئیلام) بە نێونجی ١٧٪ زیاترین جیابوونەوەیان هەبووە و پارێزگای گیلان بە ٥.٦٪ کەمترین ڕێژەی جیابوونەوەی تۆمار کردووە.

پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی هۆکارەکانی تێکچوونی ژیانی هاوبەش لە ئێراندا بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکان، نەبوونی هەلی کار، تووش بوون بە نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ماددە هۆشبەرەکان و ... هتد پێناسە دەکەن.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا شارەکانی ئێران، شاهیدی لانیکەم ٥٠٠٠ ناڕەزایەتیی و ئێعترازی جەماوەری بوون کە بە هۆی داخرانی کۆمپانیا و کارگە و کارخانەکان، نەدان و وەدواکەوتنی مووچە، نادادپەروەری کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابووری، گرانی و هەڵاوسان و ... هتد هاتنە ئاراوە.