کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: کاتی تەکووزیی لەسەر ڕێژیمی ئێرانە

19:45 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئیران جەخت کراوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بنیامین نێتانیاهوو و نیکی هێلی، باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دانیشتنیکیان لەسەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا هەبووە.

لەو دانیشتنەدا، نێتانیاهوو لەسەر هەڵوێست و تێکۆشانی دروستی ئامریکا، لە ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان، بە دژی ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتە لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل دەسخۆشی کردووە، هەروەها باسی لە کردەوەکان و وتەکانی نیکی هێلی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان کردووە و بە حەقیان زانیوە و پاڵپشتی خۆی لە کردەوەکانی ئامریکا بە دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە.

لەو دانیشتنەدا، باس لە شەڕی سووریە و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیران، لەو وڵاتە و ناوچەکە کراوە و نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر میلیشیاکانی ئەو ڕێژیمە و کردەوە نیزامییەکان و بڵاوبوونی هێزەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە دەربڕێوە و ڕێژیمی ئێرانیان بە سەرەکیترین مەترسی بۆ سەر ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان زانیوە.

نیکی هێلی، باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو چاوپێکەوتنەدا، سەبارەت بە چالاکییەکانی ئامریکا وتوویەتی: ئامانجی ئامریکا ئەوەیە، کە ڕوانگەی جیهانی لە سەر وڵاتی ئیسرائیل بگۆڕێت و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەربڕیوە .

هەروەها باسی لەوە کردووە، کە کاتی ئەوە هاتووە، تەکووزی بکرێتە سەر ڕێژیمی ئیران و ئەو دوو بەرپرسە، لەسەر ئەوەی کە گەورەترین کێشەی ناوچەکە ڕێژیمی ئێران و چالاکییە ناوەکییەکانییە جەختیان کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە، کە دەبێت پێش بەو ڕێژیمە بگیردرێت.