کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەوانانی کوردستان لەهەمبەر لێدانی بەنداوی باوەلە ناڕەزایەتییان دەربڕی

14:09 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: پۆلێک لە ژینگەپارێزان و شاخەوانانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر ڕاگواستنی ئاوی خەرپاپ و لێدانی بەنداوی باوەلە لە سەیرانگەی خەرپاپ کۆبوونەوەی ئێعترازییان وەڕێخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەشێک لە ژینگەپارێزان و شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی ناوچەی موکریان، لە بەردەم تاڤگەی خەرپاپ کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکاردی تایبەت ئێعترازی خۆیان لەهەمبەر لێدانی بەنداو لەم ناوچەیە دەربڕی.

لەم ئێعترازە مەدەنییەدا سەرەتا بۆ ڕێزلێنان و یادکردنەوەی شاخەوانی بلیمەت و ژینگەپارێزی ناسراو کەریم مەعرووف زادە، کە حەوتووی ڕابردوو لە کێوی تووچاڵ دڵی لە لێدان کەوت، خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

دواتر چەند بابەت و وتار سەبارەت بە پێویستیی ڕاگرتنی پڕۆژەی بەنداوی باوەلە و مەترسییەکانی درووست کردنی لەلایەن نوێنەری گرووپە شاخەوانییەکان خوێندرایەوە کە سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

بەشێک لەو گرووپانەی کە بەشداری ئەم ئێعترازە مەدەنییە بوون بریتین لە: ژینگەپارێزان و شاخەوانان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شارەکانی مەهاباد، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، میراوێ، بۆکان و سەردەشت.

لێدانی بەنداو لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات نەک بەمەبەستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەڵکوو بە کۆمەڵێک مەبەستی ئامانجداری سیاسی و ئەمنیەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕەچاو دەکرێت؛ چەند ساڵ پێش ئێستاش سەرەڕای هەوڵی ژینگەپارێزان بۆ ڕاوەستاندنی پڕۆژەی بەنداوی داریان لە نۆدشە و دانی هۆشداری لەمەڕ مەترسییەکانی دوای درووست بوونی، ڕێژیم بەنداوی داریانی لە سەر کانی بڵ درووست کرد.