کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکانی سووریە؛ تورکیە بە هەوڵدان بۆ قڕکردنی نەتەوەیی تۆمەتبار دەکەن

14:43 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەرانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، باس لەوە دەکەن، کە تورکیە لە ئێستەدا لە هەوڵی قڕکردنی نەتەوەیی دان.

بەپێی ئامارەکانی دەستەیەک لە ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریە هاتووە، هەتا ئێستە ٢٠٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، کە لەوانە ٣٢ منداڵ و ٢٦ ژنیان تێدایە و ژمارەیەک زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی، لە نەخۆشخانەکانی عەفرین دان، کە بە هۆی بۆمباران و گوللەبارانەکانی تورکیە بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سکای نیووز، تەنیا لە یەک ڕێوڕەسمی خاکسپاردندا، ١٩ کەس بە خاک سپێردراون.

تورکیە ئۆپراسیۆنی شاخە زەیتونــی، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ژانوییەی زایینی، بە مەبەستی پاکتاوکردنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە هێزەکانی یەپەگە دەست پێکرد، تورکیە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی ڕەت دەکاتەوە.

چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریە، لە نزیکبوونەوەی هێزەکانی تورکیە هۆشداری داوە و ڕایانگەیاندووە، ئەمە قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، کە زیاتر لە یەک میلیۆن دانیشتووانی ئەو شارە خەڵکی مەدەنین.

هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لە ترسی نزیکبوونەوەی هێزەکانی تورکیە، عەفرینیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون؛ کە بەشێک لەوانە، ئاوارەی ئەو شوێنە شەڕلێدراوانەی سووریەن، کە لە عەفرین نیشتەجێ بوون.

لە کاتی دەسپێکردنی ئەم ئۆپراسیۆنە، هەتا ڕێکەوتی ٩ی مارس، ٧١ سەربازی تورک و ٣٣٨ چەکداری سپای ئازاد کوژراون. ژمارەی کوژراوی هێزە کوردییەکان و چەکدارانی سەر بە ڕێژیمی ئەسەد بەپێی ڕاپۆرتی چاودێریی مافی مرۆڤ ٣٥٩ کەس دەبن.