کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێنانە خوارەوەی ئاڵای باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە لەندەن

14:55 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لایەنگرانی ئایەتوڵا شیرازی هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە لەندەن و ئاڵای ئەو ڕێژیمەیان هێنایە خوارەوە.

بەپیی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، چەند کەس لە لایەنگرانی ئایەتوڵا سادق شیرازی لە لێوەرە شیعەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، هێرش دەکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەو ڕێژیمە لە لەندەن و ئاڵای باڵویزخانەی تاران دەکێشنە خوار و ئاڵای خۆیان هەڵدەدەن.

بەرپرسێکی پۆلیسی لەندەن، ڕایگەیاندووە کە هێرشبەرەکان چوار کەس بوون.

ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر ئەو کردەوەیە، دژکردەوەی نیشان داوە و باڵوێزی بریتانیای لە تاران بانگهێشت کردووە و داوایان لەو وڵاتە کردووە کە دەبێ دیپلوماتەکانی ئەو ڕێژیمە لە بریتانیا دەبێ پاریزراو بن؛ باسیان لەوەش کردووە کە پۆلیس درەنگ وەخۆکەوتووە و ئەمەش پێشێل کردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران، چەندین جار بەو شێوەیە و زۆر توندتر هێرشی کردووەتە سەر باڵوێزخانەی وڵاتانی دیکە و هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە بەڵام ئەمەی بە مافی خۆی زانیوە! کە زەقترینیان هێرش و داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و پاشانیش هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییە.

ئایەتوڵا سادق شیرازی یەکێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێرانە و ئەو هێرش لە دوای دەسبەسەرکردنی حوسەینی شیرازی، کوڕی سادقی شیرازی بووە کە لە لێداونێکدا، خامنەیی بە هاوشێوەی فرعەون ناو بردبوو.

لەلایەکی دیکەشەوە پۆلێک لە چالاکانی ئانارشیست، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان و بە مەبەستی ڕاگەیاندنی هاوپێوەندی لەگەڵ خەباتی ژنان لە جیهان و بەتایبەت لە ئێران، بینای پێشوی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامییان لە شاری بۆن لە ئاڵمان داگیر کرد کە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامانجی خۆیان لەم چالاکییە بۆ پشتیوانی لە ئێعترازە خەڵکییەکانی ئێران گەڕاندۆتەوە.